Utku Şimşek
30 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2025
ئەنقەرە - AA
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت)، بە فەرمانی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنجامی ئەو دیپلۆماسیە هەواڵگرییەی لەگەڵ حەماس بەڕێوەی برد، ئەمڕۆ دەستەبەری ئازادکردنی پێنج بارمتەی تایلاندی کرد.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستکەوتووە، لە ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا ڕێککەوتن کرا لەسەر ئاڵوگۆڕی دیل و دەستبەسەرکراو و سزادراوان، ئەویش لە پێناو کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە لە حەوتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە هەتا ئێستا درێژەییان هەبوو و، گیانلەدەستدانی نزیکەی ٥٠ هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسی لێکەوتەوە.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گرنگییەی سەرکۆمار ئەردۆغان بە دۆزی فەڵەستینی دەدات، میت هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و تەواوی کاراکتەرە پەیوەندیدارەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست درێژەی بە دیدار و کۆبوونەوەکان دا.
لەو چوارچێوەیەشدا، میت کە دەوری ئاسانکار و ڕەخسانی ئاشتەوایی گرتە ئەستۆ، هەوڵێکی کاریگەرانەی دیپلۆماسی هەواڵگری ئەنجامدا.
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت) کە دەورێکی گرنگی هەبوو لە گواستنەوە و بریندار و نەخۆش و ئەو هاووڵاتیە تورکانەی لە غەززە دەژیان، لە هەمان کاتدا لەسەر ئەو داواکارییانەی لە وڵاتانی دیکەوە دەهاتن بۆ هاوکاریی کردن، نێوەندگیری کرد بۆ ئازاد کردنی ژمارەیەک هاووڵاتی بیانیی لە غەززە.
پەیوەست بەوەیش میت کە بە فەرمانی سەرکۆمار ئەردۆغان لە سەرەتای پرۆسەکەوە لەگەڵ موخاتەبە تایلاندییەکانی لە هەماهەنگییدا بوو بۆ ئازادکردنی بارمتە تایلاندییەکان، لەگەڵ حەماس بەردەوام لە دیداردا بوو سەبارەت بەو هاووڵاتیە تایلاندیانەی بە بارمتە گیرابوون.
لە ئەنجامی دیپلۆماسی کاریگەری هەواڵگریی میت، ئەمڕۆ پێنج بارمتە تایلانیدیەکە ئازاد کران.