Muhammet Ali Kemal
25 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2017
ئەنقەرە - AA
لە تورکیا بەپێی بڕیارنامەیەکی نوێ کە وەک یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و لەچوارچێوەی باری نائاساییدا دەرکراوە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت) بە سەرکۆمارەوە دەبەسترێتەوە و بۆ لەمەودواش سەرکۆمار سەرۆکایەتی دامەزراوەی هەماهەنگیی هەواڵگریی نیشتمانیی دەکات کە پێشتر راوێژکاری میت سەرۆکایەتی دەکرد. هەربەپێی بڕیارنامەکە خزمەتگوزارییە هەوڵگرییەکانی پەیوەست بە کارمەندانی وەزارەتی بەرگریی و سوپا، لە لایەن میتەوە بەڕێوەدەبرێت. میت لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەی ئەمنییدا دەتوانێت هەموو جۆرە لێپێچینەوەیەک لە کارمەندانی وەزارەت و سوپا بکات.
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا، بەسەرۆکایەتی سەرکۆماری ئەو وڵاتە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ١٥ی ئابدا کۆبوویەوە، و بڕیارنامەی ژمارە ٦٩٣ و ٦٩٤ لە کۆبوونەوەکەدا لەچوارچێوەی ماددەی ١٢١ی دەستوور و بڕگەی ٤ی یاسای ژمارە ٢٩٣٥ی باری نائاساییدا دەرکرابوون، لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرانەوە و کەوتنە واری جێبەجێکردنەوە.
لە بڕیارنامەی ژمارە ٦٩٤دا، گۆڕانکاریی لە ژمارەیەک لە یاساکاندا کراوە.
بەپێی بڕیارنامەکە دەستەواژەی ''سەرۆکوەزیران'' لە بڕگەی یەکی ماددەی ٣ی یاسای خزمەتگوزارییە هەوڵگرییەکان و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی، بە دەستەواژەی ''سەرکۆمار'' گۆڕدراوە و بەو شێوەیەش میت کە پێشتر سەربە سەرۆکوەزیران بوو، بە سەرکۆمارەوە بەسترایەوە.