Saadet Firdevs Aparı
04 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2021
ئەنقەرە - AA
سوپای هاوپەیمانی دیموکراسی نیشتیمانی میانمار، کە یەکێکە لە گروپە چەکدارەکانی دژ بە کودەتا لەو وڵاتە، کوژرانی ٢٣ سەربازی حکوومەتی میانمار-ی راگەیاند.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "The Hindu" یەکێک لە گوتەبێژەکانی سوپای هاوپەیمانی دیموکراسی نیشتیمانی میانمار لە لێدوانێکیدا کوژرانی ٢٣ سەربازی سەر بە حکوومەتی میانمار-ی لەسەر سنووری چین راگەیاندوە.
ئەو گوتەبێژە ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە لە ٢٨ی ئابدا ١٥ و لە یەکی ئەیلوولیشدا هەشت سەربازیان کوشتووە و ئەندامێکی گرووپەکەشیان لە پێکدادانەکاندا کوژراوە.
راگەیاندنە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەش باس لەوە دەکەن کە لە ٢٨ی ئابدا و لە ویلایەتی شان کاتێک سەربازانی حکوومەت ویستوویانە بنکەیەکی سوپای هاوپەیمانی دیموکراسی نیشتیمانی میانمار، کۆنتڕۆڵ بکەن، پێکدادان لە نێوانیاندا روویداوە.
- کودەتای سەربازیی میانمار
دوای ئەوەی گرووپە سیاسییەکانی نزیک لە سوپای میانمار بانگەشەی بوونی ساختەکارییان لە ھەڵبژاردنەکانی ٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ کرد، و لە دوای ھەڵکشانی گرژییەکان لە وڵاتەکە، سوپا رۆژی ١ی شوبات دەستی بەسەر دەسەڵاتدا لە میانمار گرت.
سوپا، وەزیری دەرەوە و سەرکردەی راستەقینەی وڵاتەکە ئاونگ سان سوو چی و ژمارەیەکی زۆری بەرپرس و کادیری پارتی دەسەڵاتداری دەستگیرکرد و باری نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێک راگەیاند.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورووپا ئیدانەی کودەتاکەیان کرد و وەک کاردانەوەیەکیش بڕیاریاندا سزا بەسەر حکومەتی ئەو وڵاتەدا بسەپێنن.
بەهەمانشێوە بەڕیتانیا، بەتۆمەتی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ ژمارەیەک بەرپرسی میانمار-ی خستە لیستی سزادراوانەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە میانمارییەکان لە ٦ی شوباتدا، بۆ گەڕاندنەوەی دیموکراسی خۆپیشاندانیان دەستپێکرد، تا ئێستاش بەھۆی رێگریی توندی پۆلیسەوە هەزار و شەش خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە و پێکداهەڵپژانەکانیش بەردەوامن