Ömer Faruk Yıldız
31 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2021
کوالا لمپور- AA
ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی میانمار-دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە کوژراون گەیشتە ٥٢١ کەس.
کۆمەڵەی هاوکاریکردنی زیندانییە سیاسییەکان لە میانمار لە راپۆرتی رۆژانەیدا، ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١١ کەسی دیکە کوژراون و ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئەمڕۆ لە ئاکامی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە کوژراون گەیشتوەتە ٥٢١ کەس.
باس لەوەشکراوە کە دوو هەزار و ٦٠٨ کەس لەئێستادا، دەستبەسەرن و ١٢٠ کەسی دیکەش بڕیاری دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرکراوە.
لە لایەکی دیکەشەوە ئێوارەی دوێنێ لە شاری یانگۆن کە جەنجاڵترین شاری میانمار-ە، بۆ یادی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون نزای بەکۆمەڵ کرا.
بۆ ئەو مەبەستەش دەیان هەزار کەس لە مەیدانی یانگۆن گردبوونەوە و نزایان بۆ قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەیان کرد.
- کودەتا سەربازییەکەی میانمار
دوای ئەوەی گرووپە سیاسییەکانی نزیک لە سوپای میانمار بانگەشەی بوونی ساختەکارییان لە ھەڵبژاردنەکانی هەشتی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ کرد و لە دوای ھەڵکشانی گرژییەکان لە وڵاتەکە، سوپا رۆژی یەکی شوباتی رابردوو دەستی بەسەر دەسەڵاتدا لە میانمار گرت.
سوپا، وەزیری دەرەوە و سەرکردەی راستەقینەی وڵاتەکە ئاونگ سان سوو چی و ژمارەیەکی زۆری بەرپرس و کادیری پارتی دەسەڵاتی دەستگیرکرد و باری نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێک راگەیاند.
هاووڵاتییانی میانمار لە شەشی شوباتی رابردوودا، بۆ گەڕاندنەوەی دیموکراسی خۆپیشاندانیان دەستپێکرد.