Ebru Şengül Cevrioğlu
31 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2021
ئیزمیر- AA
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە ٦٤ دۆلار و ٥٠ سەنت.
رۆژی سێشەممە، نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٦٥ دۆلار و ٤١ سەنت و رۆژەکەی بە ٦٤ دۆلار و ١٧ سەنت تەواو کرد. کاتژمێر ٠٩:١١ی بەیانی ئەمڕۆ نرخەکان بەڕێژەی ٠،٥١ هەڵکشانیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک خاوی برێنت بە ٦٤ دۆلار و ٥١ سەنت فرۆشرا
هاوکات بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٦٠ دۆلار و ٨٦ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بڕیارە سبەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (OPEC) و چەند وڵاتێکی دەرەوەی رێکخراوەکە، دەربارەی کەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی ئایاردا کۆببنەوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان دروستکردووە.
پێشتریش لە چواری ئاداردا وەزیرانی وزەی ٢٣ وڵاتی دەرەوەی ئۆپیک کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە هەریەکە لە رووسیا و کازاخستان بەهۆکاری وەرزی، بەرهەمهێنانی نەوتیان زیاد بکەن، وڵاتەکانی دیکەش بڕیاریاندا، قەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەدرێژایی مانگی نیسان وەک خۆی بەردەوام بێت، بەمشێوەیە وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیک رۆژانە حەوت ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە بەرهەمی رۆژانەیان کەم دەکەنەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە هەڵکشانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا، رێگری لە هەڵکشانی زیاتری نرخی ئەو سووتەمەنییە دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەنستیتۆی نەوتی ئەمریکا، یەدەگەکانی نەوتی ئەو وڵاتە هەفتەی رابردوو بەراورد بە هەفتەی پێش خۆی، سێ ملیۆن و ٩١٠ هەزار بەرمیل زیادی کردووە لە کاتێکدا وا پێشبینی دەکرا کە نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل زیادبکات.