Zana Natık Kerem
29 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2022
هەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە ئێران کە لە میانیدا زنجیرەیەک دیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی تاران ئەنجام دەدات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە ئێران.
پێشتر نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو کە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سوودانی بەسەردانێکی فەرمی لە بەغداوە و بەرەو تاران بەڕێکەوتووە.
لە راگەیەندراوەکەدا، زانیاری زیاتر لەبارەی ئەجیندای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئێران نەخراوەتەڕوو.
چاوەڕان دەکرێت سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە سەردانەکەیدا بۆ ئێران، رەوشی ناوچەکە، هەروەها پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەکاندا لەگەڵ بەرپرسانی تاران تاوتوێ بکات.