Halime Afra Aksoy
30 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2020
مەككە - AA
حاجيانى ئەمساڵ بەهۆى پەتاى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ (COVID-19)وە لە رێكارێكى جياوازدا يەكەمين تەوافيان دەستپێكرد.
بەپێى ئەو هەواڵەى كە لە ئاژانسى فەرميى هەواڵى سعووديە بڵاوكراوەتەوە، حاجيان لە چوارچێوەى رێكارەكانى رێگرتن لە پەتاكە، تەوافيان لەسەر ئەو هێڵانەى كە بە پێى رێنمايەكانى دوورپەرێزى كۆمەڵايەتى كێشرابوون، ئەنجامدا.
ئەوەش خراوەتەڕوو كە هەر لە چوارچێوەى رێكارەكاندا بۆ هەر حاجييەك بەرماڵێک دابينكراوە.
لايەنە بەرپرسەكانى سعووديە، لە چوارچێوەى رێكارەكانى رێگرتن لە (COVID-19)، حاجيانيان لە پێش دەستپێكردنى وەرزى حەج بۆ ماوەى پێنج رۆژ لە هۆتێلەكان كەرەنتين كردبوو. ئەو حاجييانەشى كە لە كەرەنتين دەرچوونە هێنراونەتە شوێنى ميقات.
جگە لەوە بەرپرسەكان، دوێنێ بە چڕى شوێنى تەوافيان پاکژ و دەرمانڕێژ كردبوو، بۆ رێگرتن لە حاجييان بۆ دەستدان لە بەرگى كەعبەى پيرۆز رێنمايى زياتريان بڵاوكردووەتەوە.
- وەرزى حەج لە ژێر سێبەرى (COVID-19)
پێشترن وەزارەتى حەج و عومرەى سعوودیە رايگەياندبوو، بەهۆى پەتاى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ (COVID-19)وە، ئەمساڵ ئەداكردنى فەريزەى حەج سنووردار دەبێت، پێشوازى لە حاجى لەدەرەوەى وڵات ناكەن.
ساڵانى پێشوو نزيكەى دوو مليۆن و ٥٠٠ هەزار حاجى فەريزەى حەجيان بەجێدەگەیاند، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى وەرنەگرتنى حاجيانى دەرەوەى وڵات تەنها ١٠ هەزار حاجى لەو وڵاتەدا ئەو فەريزەيە بەجێدەگەیەنن.