Ömer Erdem,Ahmed Satti
27 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2023
خەرتوم - AA
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی سووریا لە خەرتوم پایتەختی سوودان، بیشر شەععار ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە میانی پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا لە ١٥ی نیسانەوە تا ئێستا، ١٥ هاووڵاتی سووریا کوژراون.
کەناڵی "شام ئێف ئێم" سووریایی لێدوانێکی بیشر شەععار-ی لەبارەی رەوشی سووریاییەکانی دانیشتووی سوودان بڵاوکردەوە کە تیایدا باسی لەوە کردووە هەرچەندە ئاماری تەواو لەبەردەستدانین، بەڵام بەگوێرەی دوایین راپۆرتەکان تا ئێستا ١٥ هاووڵاتی سووریا لە پێکدادانەکانی سووداندا گیانیان لەدەستداوە.
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی سووریا لە خەرتوم پایتەختی سوودان، بیشر شەععار ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لایەنە بەشەڕهاوتووەکان رێگرییان لە کاروانەکانی گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی نەکردووە، بەڵام تا ئێستا پلانێکی دیاریکراو نییە بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییە سووریاییەکانی دانیشتووی سوودان.
- "تا گواستنەوەی دوایین هاووڵاتی سوودان بەجێناهێڵین"
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی سووریا لە خەرتوم پایتەختی سوودان، بیشر شەععار گوتوشییەتی: "تا گواستنەوەی دوایین هاووڵاتی کە داوای گواستنەوە بکات، سوودان بەجێناهێڵین، ئەگەر رەوشەکەش ئارام ببێتەوە بەردەوام دەبین لە کارەکانمان".
ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سووریاییانەی لە سوودان هەن بە ٣٠ هەزار کەس دەخەمڵێندرێت.
ماوەی ١٣ رۆژە پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامن و بەوهۆیەشەوە زیاتر لە ٥٠ وڵات دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و هاووڵاتییانیان لە سوودان گواستووەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی سوودانیش ئەوەی ئاشکرا کردووە کە لە پێکدادانەکانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا، ٥١٢ کەس کوژراون.