Zuhal Demirci
12 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2022
لەندەن - AA
دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن لە پۆستی سەرۆکایەتی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار، لە ٥ی ئەیلوولدا سەرۆکی نوێی پارتەکە و سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکە دیاری دەکرێت.
سەرۆکی کۆمیتەی ١٩٢٢ پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار لە بەریتانیا، پەرلەمانتار سیر گراهام برادی، لە پاش دەستلەکارکێشانەوەی جۆنسۆن وادە و یاساکانی سەبارەت بە پرۆسەی سەرۆکی نوێ راگەیاند.
برادی باسی لەوە کرد کە ناونووسینی پاڵێوراوەکان بۆ کێبڕکێی سەرۆکایەتی سبەی دەست پێ دەکات و هەمان رۆژ کۆتایی پێ دێت و، رۆژی چوارشەممە یەکەم خولی دەنگدان لە ناو پارتەکەدا ئەنجام دەدرێت و رۆژی پێنج شەممە دووەم خولی دەنگدان.
هەروەها برادی باسی لەوە کرد کە هەر پاڵێوراوێک بۆ ئەوەی بەشداری لە یەکەم خولی دەنگدانەکەدا بکات پێویستە لانی کەم دەنگی ٢٠ پەرلەمانتار بەدەستبهێنێت و، لە خولی دووەمیشدا دەنگی لانی کەم ٣٠ پەرلەمانتار مسۆگەر بکات.
گوتیشی: ''تا مانەوەی دوو پاڵێوراو لە ناو پارتەکەدا پرۆسەی دەنگدان ئەنجام دەدرێت و بە خێرایی ئەو پرۆسەیە بەڕێوەدەچێت. دەکرێت تا ١٨ی تەمووز ئەوە بکرێت. هیوادارم تا دەکرێت بەخێرایی بە ئەنجامی بگەیەنین. ئەم هەفتەیە یەکەم دوو دەنگدان ئەنجام دەدەین''.
گراهام برادی ئاماژەی بەوەیش کرد کە پێویستە ئەنجامی کێبڕکێی سەرۆکایەتی پارتەکە لە ٥ی ئەیلوولدا بە ئەنجام بگات.
دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لیز تروس بەشداری کردنی لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی پارتەکەدا راگەیاند، تا ئێستا ١١ کاندید خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پارتەکە و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پاڵاوتووە.