Muhammet Ali Kemal
08 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2017
لە خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایەتی دژی لووتکەی G20 کە لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، ژمارەی ئەو پۆلیسانەی برینداربوون بۆ ٢١٣ و ژمارەی خۆپیشاندەرە دەستبەسەرکراوەکانیش بۆ ٢٥٦ کەس بەرزبوویەوە.
پۆلیسی هامبۆرگ، ژمارەی ئەو کەسانەی لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەی کە دژی بەڕێوەچوونی لووتکەی G20 لە شارەکە ئەنجام دەدرێت، برینداربوون یان دەستبەسەرکراون ئاشکراکرد.
لە راگەیەنراوەکەی پۆلیسدا، ئاماژە بەوەکراوە تا کاتژمێر ٠٩:٠٠ لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکاندا ٢١٣ پۆلیس برینداربوون و ژمارەی خۆپیشاندەرە دەستنبەسەرکراوەکانیش بۆ ٢٥٦ کەس بەرزبووەتەوە.
لە ناوچەی شانزنڤێرتڵ کە ناوەندی خۆپیشاندەرانی هامبۆرگە، لە رووداوە توندوتیژییەکانی دوێنێ شەودا، خۆپیشاندەران لەرێگەی مۆڵۆتۆف، پارچە ئاسن، نیشانەکانی هاتوچۆ، بەرد و شووشەوە، پەلاماری پۆلیس و دەوروبەریان داوە.
لەدوای ئەوەش ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران کە کوتەکی ئاسن و مۆڵۆتفیان پێبووە، هەڵاتوون بۆ سەرسەربانی ژمارەیەک لە باڵەخانەکانی ناوچەکە، هێزە تایبەتەکانی پۆلیس ناوچەکەیان کۆنترۆڵکردووە. هاوکات ٥٠٠ خۆپیشاندەر دوای ئەوەی مارکێتێکیان تاڵان کردووە، ئاگریان تێبەرداوە.
لە راگەیەنراوەکەی پۆلیسدا ئاماژە بەوەکراوە لەئەنجامی رووداوەکانی دوێنێ شەودا ٦٣ کەس دەستبەسەرکراون و لەو ژمارەیەش ١٤یان فەرمانی زینداییکردنیان بۆ دەرچووە، باس لەوەشکراوە کە چاوەڕوان دەکرێت خۆپیشاندانەکان ئەمڕۆش درێژەی هەبێت.
تا ئێستاش هیچ روونکردنەوەیەک سەبارەت بە ژمارەی برینداران لە ریزەکانی خۆپیشاندەراندا، بڵاونەکراوەتەوە.