Barış Gündoğan
15 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2021
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە دوو رۆژی رابردوودا و لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ- بروسکە و چنگ- هەورەتریشقە، ١٣ تیرۆریستی پەکەکە لە باکووری عێراق لە چالاکی خراون.
لەوبارەیەشەوە وەزارەتەکە راگەیەندراوێکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردوەتەوە و تیایدا هاتووە "هەروەک وەزیری بەرگری، بەڕێز خوڵوسی ئاکار گوتبووی 'تیرۆریست لە کوێ بێت، ئەو شوێنە ئامانجی ئێمەیە'، لەژێر ئەم دروشمەشدا ئۆپەراسیۆنەکانمان لە باکووری عێراق بۆ خاپوور کردنی حەشارگەکانی تیرۆر بەردەوامن".
لە درێژەی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە: "لەڕێی ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ- بروسکە و چنگ- هەورەتریشقە، لە ناوچەکانی مەتینا و ئاڤاشین باسیان، تیرۆریستان هەناسەیان لێبڕاوە. هێزەکانی کۆماندۆمان کە هەموو ژێر بەرد و ئەشکەوتێک دەپشکنن، حەشارگە و کۆگای چەک و تەقەمەنی تیرۆریستان لەناودەبەن. لە کۆتا چالاکییەکانیشیادا و لە میانەی ئۆپەراسیۆنی چنگ- هەورەتریشقە لە ناوچەی ئاڤاشین-باسیان هەشت تیرۆریستی پەکەکە-یان لە چالاکی خست. هەروەها لە میانەی ئۆپەراسیۆنی چنگ- بروسکە لە ناوچەی مەتینا حەشارگەی پێنج تیرۆریستی دیکە دیاری کرا و هێزە زەمینی و ئاسمانییەکانمان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە چالاکییان خستن".