Muhammet Ali Kemal
21 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2016
لەئەنجامی هێرشی هێلیکۆپتەرە جەنگییەکانی سوپای سووریا بۆسەر ناحیەی خان عەسەلی سەربە شارۆچکەی عەنەدان باکووری پاریزگای حەلەب کە بەدەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوەیە، حەوت هاووڵاتی سڤیل کوژران و ٣٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەکانی بەرگری شارستانی دەستیکەوتووە، هێلیکۆپتەرە جەنگییەکانی سوپای سووریا لەڕێگەی بۆمبی بەرمیلی هێرشیان کردووەتەوە سەر ناحیەی خان عەسەل کە دەکەوێتە نێوان شاری حەلەب و شارۆچکەی عەنەدان.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا حەوت کەسی سڤیل کە ژمارەیەکیان منداڵ و ژنن کوژراون و ٣٢ کەسی دیکەش بریندار بوون. دواتر بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی دەورووبەر گوازراونەتەوە.
هێزەکانی سەربە رژێمی ئەسەد ماوەی چوار ساڵە هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانەی پارێزگای حەلەب کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندایە. هێرشەکان سەرەتا لەڕێگەی مووشەکی سکۆدەوە، دواتر لەڕێگەی بۆمبی گەرمی و هێشووییەوە ئەنجامدەدران. لەماوەی رابردووشدا فڕۆکە و هێلیکۆپتەرە جەنگییەکان لەڕێگەی بۆمبی گەرمی و بۆمبی بەرمیلی هێرش دەکەنە سەر شارەکە. بەهۆی هێرشەکانیشەوە ژێرخانی ئابووری لە حەلەب داڕماوە و رێگە سەرەکییەکانیش وێران بوون.