Zehra Ulucak,Muhammet Ali Kemal
06 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2018
تۆکیۆ- AA
لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەکی بەهێزدا کە ناوچەی هۆکایدۆی ژاپۆنی هەژاند، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٠٠ی دیکەش برینداربوون.
دامەزراوەی میدیایی ژاپۆنی NHK، بڵاویکردووەتەوە لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی کە دارستانەکانی دوورگەی هۆکایدۆی هەژاندووە و بووەتە هۆی ژمارەیەکی زۆر رۆچوونی زەوی، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٣٠ کەس ونبوون و ٢٠٠ی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی بوومەلەرزەناسیی ژاپۆن، گوڕی بوومەلەرزەکەی لە ٦،٦ەوە بۆ ٦،٧ نوێکردەوە و ئاشکرایکرد چەقەکەی ٤٠ کیلۆمەتر لە قووڵایی توێکڵی زەوی و لە خۆرهەڵاتی شاری تۆماکۆمایەوە بووە.
لەدوای بوومەلەرزەکەش ژمارەیەکی زۆر پاشلەرزە ناوچەکەیان هەژاند و کاربەدەستان فەرمانی چۆڵکردنی ناوچەکە لە دانیشتوانیان دەرکرد.
هاوکات کارەکانی گەڕان و رزگاکردنی ٣٠ کەس کە لە ناوچەی ئاتسوما بە هۆی رۆچوونی زەوییەوە بێ سەروشوێن بوون، درێژەی هەیە.
لەدوای بوومەلەرزەکە سێ کارلێکەری ئەتۆمیی وێستگەی تۆماریی لەکارکەوتن و دەستبەجێ بە موەلیدەی دۆخە لەناکاوەکانەوە بەسترانەوە. هاوکات نەتوانرا کارەبا بدرێتە نزیکەی سێ ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لە دوورگەکە، فڕۆکەخانەکان و ژمارەیەکی زۆر لە رێگا سەرەکییەکان داخران.