Şeyma Uzundere
10 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2022
ئەنقەرە – AA
رێکخراوی Save The Children کە رێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنیی نێودەوڵەتییە، رایگەیاند نزیکەی ١٠ ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان رووبەڕووی مەترسیی برسێتی بوونەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە ماڵپەڕی Save The Children بڵاوکراوەتەوە، ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بەشی رێگرتن لە برسێتی لە ئەفغانستان ناکات کە ساڵانێکی زۆرە بەدەست پێکدادان، تەقینەوە و ناسەقامگیریی سیاسی دەناڵێنێت.
جگە لەو قەیرانە ئابووریەی کە وڵاتەکەی گرتووتەوە، نزیکەی ١٠ ملیۆن منداڵ بەھۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و وشکەساڵییەوە رووبەڕووی مەترسیی برسێتی بوونەتەوە.
ھەرچەندە ئەو ھاوکارییە نێودەوڵەتییانەی کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دراوە بە ئەفغانستان زیادیکردووە بەڵام لە سەدا ٥٠ی دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستیان بە ھاوکاری مرۆیی خێرا ھەیە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی Save The Children، ئاتیا رایبورن، رایگەیاند منداڵانی ئەفغانستان باجی سیاسەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە دژی ئەفغانستان دەدەنەوە و ھاوکارییەکان تەنانەت بەشی "رزگارکردنی ژیانیان" ناکات.
ئاتیا رایبورن داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد کە چارەسەری ھەمیشەیی بۆ قەیرانی ئابووریی ئەفغانستان بدۆزنەوە و گوتی: "سەردەم سەردەمی پشتکردن لە منداڵانی ئەفغانستان نییە".