Enes Canlı,Rahel Ali,Hozan Mohammed Jabbar
23 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2023
تەل ئەبیب – AA
لە ئیسرائیل لە "رۆژی نادیدەگرتنی مەدەنی"، ژمارەیەک خۆپیشاندان لە دژی هەوڵەکانی کابینەی بێنیامین ناتانیاهو بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی یاسادانان ئەنجامدران.
لە کاتێکدا هەوڵەکانی حکوومەتی ئیسرائیل هەنگاو هەنگاو بەرەو پێش دەچێت بۆ تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان لە پەرلەمان کە مشتومڕی لێ کەوتووەتەوە، تا دێت خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئەوانە لە سەرتاسەری ئیسرائیل زیاتر تەشەنە دەسێنێت کە زیاتر لە ١٢ هەفتەیە دەستیان پێ کردووە و ئەمە "بە دەستوەردانە ناو کاروباری دادوەریی" لەقەڵەم دەدەن.
رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان پێشتر خۆپیشاندەرانیان ئاگادار کردبوویەوە لە چالاکییەکانی ئەمڕۆ و بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری ئیسرائیل بە تایبەت لە تەل ئەبیبی پایتەخت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
خۆپیشاندەران لە تەل ئەبیب ئاڵای ئیسرائیلیان بەرزکردبوویەوە و بە دەم گوتنەوەی دروشمی "دیموکراسی"، چوونە ناوچەی خۆپیشاندانەکان.
پۆلیسی ئیسرائیل ئەو رێگایانەی بە رووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا داخست کە دەچنەوە سەر شەقامی پڵنگ و بووەتە خاڵی گردبوونەوەی خۆپیشاندەران.
ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانیش کە چەند سەربازێکی یەدەگیان لەنێودابوو ئاڵای ئیسرائیل و پانکارتێکی گەورەی "راگەیەندراوی ئیسرائیلی سەربەخۆ"یان لە دیواری کۆنەشار لە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکراو هەڵواسی.
خۆپیشاندەران لە چەندین خاڵ لەسەرتاسەری ئەو وڵاتە لە رێگای پانکارت، پۆستەر و پەیکەرەوە رەخنەیان لە هەوڵەکانی حکوومەت گرت بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی یاسادانان.
بەپێی ئەو دیمەنانەی لە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاو کراونەتەوە خۆپیشاندەران لە ژمارەیەک لە شارەکانی باکوور و کەناراوەکان رێگا سەرەکییەکان و فولکەکانیان داخستوون.
- کارمەندانی کەرتی بەرگرییش بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد
رۆژنامەی Haaretz بڵاوی کردەوە، سەدان کارمەند و خانەنشینی کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگریی رافائیل لە بەردەم کارگەی کۆمپانیاکە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە.
کارمەندانی کۆمپانیای رافائیل، بەرهەمهێنەری سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل، رەتیانکردەوە قسە بۆ رۆژنامەکان بکەن، بەڵام چەندین پۆستەریان هەڵگرتبوو کە لەسەری نووسرابوو: "بەبێ دیموکراسی ئاسایش بوونی نییە" و "ئێمە قوبە ئاسنینەکەی ئیسرائیلین". یەکێک لە ئەندازیارەکان کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، گوتی کۆمپانیاکە رێگەی پێداون بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکەن بەبێ ئەوەی ناسنامەیان ئاشکرا بکات.
پێشبینی دەکرێت گرووپە پیشەیییەکان و رێکخراوە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە درێژایی رۆژ، خۆپیشاندان لە دەیان خاڵ لە سەرتاسەری وڵاتدا ئەنجام بدەن، بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی وەک تەل ئەبیب، حەیفا، قودسی رۆژئاوا و نەتانیا.
پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند کە تا ئێستا پێنج کەس لە میانی خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەر کراون.
- مشتومڕەکان لەسەر "چاکسازی دادوەریی"
لە پێنجی کانوونی دووەمدا وەزیری دادی ئیسرائیل، یاریڤ لێڤین ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە پلانیان بۆ "چاکسازییەکی دادوەریی" داناوە کە دەسەڵاتەکانی دادگای باڵا سنووردار دەکات و کاریگەرییەکانی دەسەڵاتی دادوەریی لە هەڵبژاردنی دادوەراندا کەم دەکاتەوە.
هەوڵەکانی حکوومەتی هاوپەیمانی ئیسرائیل کە ناتانیاهو سەرۆکایەتی دەکات، بۆ گواستنەوەی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ پەرلەمان، بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەریی ئیسرائیل.
دادگای باڵای ئیسرائیل کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە بە پاساوی دژایەتیکردنی دەستوور ئەو یاسایانە رەتبکاتەوە کە لە پەرلەمانەوە دەردەچن.
حکوومەتەکەی ناتانیاهو لەو چاکسازییە دادوەرییەی خستوویەتییەڕوو، پێشنیاز دەکات دەسەڵاتی رەتکردنەوەی ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەردەچن لە دادگای باڵا بسەندرێتەوە.
ئەم چاکسازییەش بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی سنووردار دەکات و دەسەڵاتی زیاتر دەخاتە بەردەست حکوومەتی ئیسرائیل، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.