Şenhan Bolelli
26 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2023
مەدرید – AA
لە ئاکامی پەلاماردانی دوو کڵێسا لە شارۆچکەی ئەلخەسیراس سەربە هەرێمی کادیز باشووری ئیسپانیا، لەلایەن کەسێکەوە بە شمشێر، قەشەیەک کوژرا و چوار کەسیش برینداربوون.
میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویان کردەوە کەسێک کاتژمێر ١٩:٣٠ (٢١:٣٠) شەوی رابردوو، بە شمشێر پەلاماری دوو کڵێسای داوە و لە ئاکامی پەلامارەکانیشدا، قەشەیەک کوژراوە و چوار کەسیش برینداربوون.
هەر دوای پەلامارەکە، قەشەی کڵێسای نوێسترا سێنۆرا دێ لا پاڵما، دیێگۆ ڤالێنسیا گیانی لەدەستداوە.
دواتر کەسە پەلامارەدەرەکە بە شمشێرەکەی دەستییەوە بەرەو کڵێسایەکی دیکە لە گەڕەکی سان ئیسیدرۆ بەڕێ کەوتووە و لەوێش قەشەی کڵێساکە و سێ کەسی دیکەی بریندار کردووە.
ئاماژە بەوە دراوە کە مەترسی لەسەر ژیانی بریندارەکان نییە.
تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئیسپانیا "RTVE" بڵاوی کردەوە کە پەلاماردەرەکە گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵە و بە رەچەڵەک مەغریبییە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە قۆڵبەست کراوە.
شایەتحاڵان ئاماژە بەوە دەدەن کە پەلاماردەرەکە دوای مشتومڕ قەشەکەی بە شمشێر کوشتووە.
داواکاری گشتیی دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و ئاماژە بەوە دراوە کە ئەگەری ئەوە هەیە رووداوەکە "پەلاماری تیرۆریستی" بووبێت.