Muhammed Bilal Kenasari
12 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2018
واشنتۆن - AA
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جێمس ماتیس ئاشکرای کرد بەشێک لە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەیەدە/پەکەکە کە ناوی هەسەدە کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانیی دەکرێن بەکاردەهێنن لە ناوچەکانی دیکەوە روویان لە عەفرین کردووە.
جێمس ماتیس لە میانی ئەو گەشتەی کە بۆ ئەورووپا ئەنجامی دەدات، روونکردنەوەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعشەوە دایە رۆژنامەوانان و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە.
جێمس ماتیس ئاشکرای کرد بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا بەردەوامە و ژمارەیەک لە کوردانی نێو هەسەدە کە لە لایەن پەیەدەوە رابەرایەتی دەکرێت، بە هۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر عەفرینەوە سەرنجیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش لاچووە و بەرەو عەفرین رۆیشتوون.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی:
''ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا دۆخێک لە عەفرین درێژەی هەیە کە سەرنجەکانی پەرشکردووەتەوە. ئەم دۆخە سەرنجی رێژەیەکی دیاریینەکراو لە چەکدارانی هەسەدە کە رەنگە لەسەدا ٥٠ یان زیاتر یان کەمتر بن، بە لای خۆیدا دەبات، ئەوان ئەوە دەبینن کە هاوڕێ کوردەکانیان لە عەفرین لەژێر هێرشدان و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەرنجی ئەوان بەرەو ئەوێ بڕوات. لە هەندێک دۆخیشدا ژمارەیەک لە یەکەکان روویان لەوێ (عەفرین) کردووە''.
جێمس ماتیس تیشکی خستەسەر ئەوەی کە تورکیا تاکە وڵاتە لەنێو سنوورەکانیدا ''یاخیبوونی سەربازیی'' درێژەی هەبێت و رایگەیاند ''تورکیا نیگەرانیی ئەمنیی رەوای سەبارەت بە سنوورەکانی لەگەڵ سووریا هەیە و ئێمە بە هیچ شێوەیەک نکوڵی لەمە ناکەین''.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جێمس ماتیس باسی لەوەشکرد ئەوان لە نیگەرانییە ئەمنییە رەواکانی هەموو وڵاتان لەوبارەیەوە تێدەگەن، جا ئەو وڵاتە ئیسرائیل، لوبنان، ئوردن یان تورکیا بێت.
پێشتریش پنتاگۆن باسی لەوەکردبوو کە ژمارەیەک لە چەکدارانی سووریای دیموکرات هێزیان جووڵە پێکردووە، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی باسی لەوە نەکردبوو کە یەکەکان بەرەو عەفرین جووڵێنراون.
چاوەڕوانیش دەکرێت وەزیری بەرگریی تورکیا لەماوەی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ جێمس ماتیسدا لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆبێتەوە.