Abdullah Shukur
17 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2018
بەرلین - AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ رایگەیاند کە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەڵمانیا، فەڕەنسا، تورکیا و رووسیا لەسەر رەوشی سووریا، مانادار دەبێت.
مێرکڵ لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی چیای رەش، دوسکۆ مارکۆڤیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد.
مێرکڵ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک رایگەیاند کە دوو فۆرمی جیا بە ناوەکانی "قۆناغی ئاستانا" و "Small Group" لەبارەی رەوشی سووریا پێکھێنراوە و لەمبارەیەوەش بە نزیکی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، ستیفان دی میستورا کار دەکەن.
مێرکڵ زیاتر گوتیشی: "ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەڵمانیا، فەڕەنسا، تورکیا و رووسیا، لەوانەیە مانادار بێت. پێویستە ئامادەکاری باشی بۆ بکرێت".
مێرکڵ ئاشکراشی کرد کە تاکو ئێستا بەرواری ئەم کۆبوونەوەیە دیار نییە و، کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری بە بەشداری راوێژکارەکان لەمبارەیەوە ئەنجام دەدەن.
مێرکڵ جەختیشی لەوە کردەوە کە سبەینێ لە گفتۆگۆیەکەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین باسی ئەم بابەتە دەکات و، راشیگەیاند کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانیش باسی رەوشی سووریای کردووە.