Sangar Hamad Azeez
24 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2016
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باراک ئۆباما رایگەیاند: "ناتوانرێت تەنیا لە رێگەی سەربازییەوە چارەسەر قەیرانی سووریا بکرێت. ناردنی هێزی زەمینی لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا یا هەر وڵاتێکی رۆژئاوا بۆ سووریا کارێکی هەڵە دەبوو".
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما کە بە سەردانێکی فەرمی بۆ ماوەی ٣ رۆژ سەردانی بەریتانیای کردووە بۆ کەناڵی "BBC" چەند لێدوانێکی دا.
ناوبراو گوتی: "ناردنی هێزی زەمینی لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا یا هەر وڵاتێکی رۆژئاوا بۆ سووریا یاخود روخاندنی رژێمی ئەسەد کارێکی هەڵە دەبوو. لەو باوەڕەیەدانیم کە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا کارێکی سانا بێت، ئەو کێشانەی سووریا ماوەیەکی زۆرە کەڵەکە بوون و تەنیا بە سەربازیی چارسەر ناکرێت وە ناکرێت بیر لە ناردنی هێزی زەمینی بکرێتەوە".
ئۆباما ئەوەشی خستە روو کە ناتوانن لە وادەیەکی کەم بەسەر داعش دا زاڵببن و پڕۆسەی لەناو بردنی داعش کاتێکی زۆری دەوێت گوتیشی: "هێزەکانی هاوپەیمانان بە فەرماندەیی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بۆردومانکردنی داعش لە ناوچەکانی رەققا و ئەو شوێنانەی داعش لێ بەدیدەکرێت هەروەها هەوڵ دەدەین رێ لە هاتنە ناوەوەی شەڕکەری بیانی بگرین بۆ ناو سووریا".
ئۆباما جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەریەک لە رووسیا، ئێران و ئۆپۆزسیۆن و رژێمەکەی ئەسەد لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکرێنەوە و بەیەکەوە قۆناغێکی کاتی دابمەزرێنن و گوتیشی: " ئەنجامدانی ئەم کارە ئاسان نابێت".