Mahmut Geldi
14 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2021
بەیرووت - AA
بزووتنەوەی ئەمەل و حزبوڵڵای شیعە، داوایان لە سوپای لوبنان کرد ئەو تەقەکەرانە دەستگیر بکات کە تەقەیان بەسەر لایەنگرانیاندا کردووە لە بەیرووتی پایتەخت.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن بزووتنەوەی ئەمەل و حزبوڵڵاوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە ''ئەو خۆپیشاندەرانەی بەرەو کۆشکی دادی بەیرووت رێپێوانیان کرد، دژبە بەکارهێنانی لێکۆڵینەوەی لەبارەی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت بەمەبەستی سیاسیی لەسەر بیناکانی ناوچەکانەوە بە قەناس تەقەیان لێکراوە''.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە دوای هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران بە قەناس، بەچڕی تەقەیان بەسەردا کراوە و هاتووە ''ئەو هێرشە کە لەلایەن گرووپە چەکدارە رێکخراوەییەکانەوە ئەنجامدراوە، کردەیەکە بە دەستی ئەنقەست کراوە تا وڵات بەرەو ئاژاوە ببرێت''.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە ئەوانەی هانی ئەو کردەوەیان داوە بەرپرسیار دەکرێن و هاتووە ''بزووتنەوەی ئەمەل و حزبوڵڵا، داوا لە سوپای لوبنان دەکەن لە کورترین ماوەدا ئەو تاوانبارانە دەستگیر بکات''.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە لایەنگرانیان کراوە بە دوای ئاژاوەدا نەچن و دانبەخۆیاندا بگرن.
لەلایەکی دیکەوە لە بەیرووت و چەند ناوچەیەکی دیکەدا لایەنگرانی بزووتنەوەی ئەمەلی شیعە و حزبوڵڵا چەند رێگایەکیان بە رووی هاتوچۆدا داخستووە و دەستیان بە خۆپیشان کردووە.
لە شاری بەیرووت پایتەختی لوبنان، دەستڕێژی گوللە لە لایەنگرانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل کرا و لە ئاکامدا، شەش کەس کوژران و ١٦ی دیکەش برینداربوون.