Mazın Asad
25 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2017
بەیروت - AA
سەرۆکوەزیرانی لوبنان، سەعد حەریری جارێکی دیکە جەختی لەسەر لێدوانەکانی پێشووی کردەوە کە رایدەگەیەنێت، پێویستە رێکخراوی حزبوڵڵا دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە نەکات.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی حەریری، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی لوبنان، سەعد حەریری لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلام لە بەیروت کۆبووەوە و تیایدا ھەڵسەنگاندنی لەسەر پێشھاتەکانی ناوخۆیی و ناوچەیی کردووە.
حەریری ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەت بە دانەخستنی کەناڵەکانی پەیوەندی، دەتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەرتر خزمەت پێشکەش بە وڵات بکات و گوتیشی: "کاریگەری حزبوڵڵا لەسەر برا عەرەبەکانمان یاخود ھەڵوێستی کردنە ئامانجی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتان، قبووڵ ناکەین".
لەبارەی دواخستنی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی، سەعد حەریری گوتی: "ئەو ھەنگاوەی لەسەر داوای سەرکۆماری میشل عەون ھاوێشتووم، دووبارە مشتومڕ بۆ بێلایەنی لوبنان و دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی ناوچەیی دروست کردووە".
سەرۆکوەزیرانی لوبنان راشیگەیاند پەیوەستە بەو سیاسەتەی کە ئایندەی لوبنان دوور بێت لە پێکدادانی ناوچەیی.