Aydoğan Kalabalık,Ramal Abdullah Mahmood
25 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2017
قاهیرە – AA
ژمارەی قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییەکەی دوێنێی مزگەوتی رەوزەی شاری عەریشی میسر بۆ ٣٠٥ کەس بەرزبۆوە.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی میسر رایگەیاند، کە هێرشەکە لەلایەن ٢٥-٣٠ هێرشبەری سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجام دراوە.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی میسردا هاتووە: "ئەوانەی لە مزگەوتەکە بوون هەستیان کردووە لە کاتی گوتاری هەینیدا ٢٥-٣٠ کەسی چەکدار کە لۆگۆی داعشیان هەڵگرتووە دروشمەکانی ئەو رێکخراوە دەڵێنەوە. دواتر لە دەرگای چوونەژوورەوە و ١٢ پەنجەرەی مزگەوتەکەوە دەستڕێژ لە ئامادەبووانی مزگەوتەکە دەکەن. بەپێی دوا ئامارەکان ٣٠٥ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٢٧یان منداڵن و ١٢٨ کەسی دیکەش بریندار بوون".
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی میسر ئاماژەی بەوەشداوە کە هێرشبەران بە پێنج بارهەڵگری تایبەت چوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتییانیشیان داوەتە بەر گولـلە.
پێشتر سەرچاوە فەرمییەکان رایانگەیاند کە لە هێرشەکەدا ٢٣٥ کەس بوونەتە قوربانی و ١٠٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.