Shamal Nouman Bakir
14 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2021
بەیروت - AA
لە شاری بەیرووت پایتەختی لوبنان، دەستڕێژی گوللە لە لایەنگرانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل کرا و لە ئاکامدا، سێ کەس کوژران و ٢٠ی دیکەش برینداربوون.
لایەنگرانی ئەو دوو لایەنە شیعەمەزهەبە، بەمەبەستی داواکردنی دامەزراندنی دادوەرێکی نوێ لەجێی دادوەر تاریق بەیتار کە بەرپرسی پێشووی لێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت بوو، لەبەردەم بینای دادگای بەیروت گردبوونەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، خۆپیشاندەرەکان لەکاتێکدا بەرەو بینای دادگا رێپێوانیان کردووە لە چەند بینایەکی دەورووبەرەوە دەستڕێژی گوللەیان لێکراوە.
تا ئێستاش سێ کەس بەهۆی دەستڕێژەکانەوە کوژراون و ٢٠ی دیکەش برینداربوون، رووداوەکەش ترس و شڵەژانێکی زۆری لەناو بەیرووت دروست کردووە.
لە چواری ئابی ٢٠٢٠دا تەقینەوەیەکی گەورە لە عەمبارێکی بەندەری بەیرووتدا روویدا و تیایدا زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە شەش هەزار کەسیش برینداربوون، هەروەها ٣٠٠ هەزار کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە بێماڵوحاڵ بوون.