ھەولێر-AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، مانگانە زیاتر لە ٢٠٠ بوومەلەرزە تۆماردەکات و ھەندێک جار زۆر زیاتریشە، بەتایبەت ئەگەر بوومەلەرزەیەکی بەھێز رووبدات.
- "گوڕی بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆی ئێران ٦،٢ پلە بووە و قوڵاییەکەی ١٠ کیلۆمەتر بووە"
بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، فازل ئیبراھیم لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو چەندین پرسی تایبەت بە بوومەلەرزە تاوتوێ دەکات و تیشک دەخاتە سەر دیاردەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش.
سەبارەت بەو بوومەلەرزەیەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆماری ئیسلامی ئێران روویدا و بە ھۆیەوە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستانیشی گرتەوە رایدەگەیەنێت "بەرەبەیانی ئەمڕۆ و بەدیاریکراوی کاتژمێر ٠١:١٣ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦،٢ پلە بە پێوەری رێختەر تۆمارکراوە، بوومەلەرزەکە لە دووری ٧٦ کیلۆمەتر لە شاری کرماشانی کۆماری ئیسلامی ئێران روویداوە، بۆیە بە ھۆی نزیکیی ئەو ناوچەیە لە ھەرێمی کوردستانەوە و گوڕی بوومەلەرزەکە کاریگەرییەکانی لە لایەن ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانیشەوە ھەستی پێکراوە، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگاکانی ھەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانیش، ھەروەھا لە پارێزگای ھەولێریش ھاووڵاتییان ھەستییان پێکردبوو، بەڵام خۆشبەختانە لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا زیانی نەبووە، قوڵایی بوومەلەرزەکە ١٠ کیلۆمەتر لە ژێر توێکڵی زەوییەوە بووە و نزیکترین وێستگەی بوومەلەرزە کە ئەم بوومەلەرزەیەی تۆمارکردووە لە ھەرێمی کوردستان داتا سەنتەری بوومەلەرزەی چیای ئەزمەڕ بووە لە پارێزگای سلێمانی کە نزیکەی ١٥٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری ئەو بوومەلەرزەیە دووربووە، ئەم بوومەلەرزەیەش درێژەی ئەو بوومەلەرزانەیە کە لەو ناوچەیە تۆمار دەکرێت".
لە درێژەی قسەکانیدا لەوبارەیەوە و دەربارەی ھەستپێکردن بەو بوومەلەرزەیە لە چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق جگە لە ھەرێمی کوردستان فازل ئیبراھیم روونی دەکاتەوە "بێگومان ئەو بوومەلەرزەیەی روویداوە بە ھۆی ئەوەی ٦،٢ پلە بووە بە پێوەری رێختەر بە بوومەلەرزەیەکی بەھێز ھەژماردەکرێت، ھەروەھا لەبەر ئەوەشی قوڵاییەکەی نزیک سەر خاک بووە کە ١٠ کیلۆمەتر لەژێر خاکەوە بووە، ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش نزیکن لەسەنتەری بوومەلەرزەکە بۆیە گواستنەوەی شەپۆلەکانی بوومەلەرزە بۆ ناوچەکانی تر ئاسان دەبێت، لەبەر ئەمەشە ئەم بوومەلەرزەیە لەناوچەکانی دیکەش ھەستیپێکراوە".
فازل ئیبراھیم راشیگەیاند کە لەدوای بوومەلەرزە بەھێزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٥٠ بوومەلەرزەی دیکەیان بە گوڕی کەمتر تۆمارکردووە و گوتی: "کاتێک کە بوومەلەرزە روودەدات زەوی پێویستی بەکات دەبێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ باری سەقامگیری خۆی، ھەر بۆیەشە لەدوای بوومەلەرزە بەھێزەکەی ئەمڕۆ کە کاتژمێر ٠١:١٣ روویدا تاوەکو ئێستا کە لای نیوەڕۆیە لەسەروو ٥٠ بوومەلەرزەی دیکە لەم ناوچەیە تۆمارکراوە، بەڵام بێ گومان ئەمانە پاشکۆی بوومەلەرزەکانن و گوڕی ئەوان لە نێوان ٢ بۆ ٤ پلە بووە بە پێوەری رێختەر، بڕێکی زۆرییشیان ھاووڵاتییان ھەستی پێناکەن و تەنھا لە پێوەرەکاندا تۆماردەکرێن".
- "لە پێنج مانگدا هەزارو ٢٠٠ بوومەلەرزەمان تۆمارکردووە"
سەبارەت بە ھۆکارەکانی بوومەلەرزە و ژمارەی ئەو بوومەلەرزانەی بەمدواییانە لەھەرێمی کوردستان تۆمارکراون، ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت "لەبارەی بوومەلەرزەکانەوە ئێمە دەبێت دوو راستی باس بکەین ئەویشیان ئەوەیە ھۆکار چییە ئەو بوومەلەرزانە روودەدات، ھۆکاری روودانی بوومەلەرزەکانی ناوچەکە ئەوەیە پلێتی عەرەبی و پلێتی فارسی جەمسەر دەبن، واتە ھاوسنوورن لەگەڵ یەکتریدا، سنووری بەشێکی ئەم ھێڵە لە رۆژئاوای ئێران و بەناو ئێراندا تێدەپەڕێت و ئەمەش وا دەکات بەبەردەوامی بوومەلەرزە لەم ناوچەیە رووبدات، بەڵام ئەوەی کە مانگی ١١ی ساڵی رابردوو روویدا و گوڕەکەی ٧،٣ پلە بوو بە پێوەری ریختەر و بە یەکێک لە تۆمارە ھەرە بەھێزەکانی بوومەلەرزە لەناوچەکە دانرا، لە پاش ئەوەوەوە بوومەلەرزەکان بەردەوام بوون، ئەو بوومەلەرزانەشی کە لەژێر ٣ پلە بێت بەپێی پێوەری رێختەر ھاووڵاتی ھەستییان پێ ناکات و تەنھا لە لایەن پێوەرەکانەوە تۆماردەکرێت، بۆیە دەتوانین بڵێین ئێمە مانگانە لە لای خۆمان زیاتر لە ٢٠٠ بوومەلەرزە تۆماردەکەین و ھەندێک جار زۆر زیاتریشە بەتایبەت ئەگەر بوومەلەرزەیەکی بەھێز رووبدات، بۆ نموونە لە بوومەلەرزەی کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ تاوەکو مانگی ئاداری ئەمساڵ لەسەرووی ھەزارو ٢٠٠ بوومەلەرزە روویانداوە لەو ناوچەیە، بۆیە زەوی پێویستی بە بەتاڵکردنی ئەو ھێزە دەبێت کە لەئەنجامی لێکخشاندنی ئەو دوو پلێتە روودەدات و لە شێوەی شەپۆلەکانی بوومەلەرزە دەریدەخات".
بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، فازل ئیبراھیم لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ھۆکاری دیکە بۆ روودانی بوومەلەرزەوە گوتیشی: "زۆر ھۆکار باس دەکرێت بۆ بوومەلەرزە، باس لە دەرھێنانی نەوت و دروستکردنی بەنداو کە دەبێتە ھۆی پاڵەپەستۆ زیاتر بێت لەو ناوچەیە و کێشی زەوی لەو ناوچەیە قورستر بێت ئەمانە ھۆکارن، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قوڵایی بوومەلەرزەکان و ئەو شوێنانەی کە بوومەلەرزەکانی بەتایبەت پارساڵ و ئەمساڵیش روویانداوە تیایاندا دەتوانیین بڵێن ئەو قسانە رەت دەکەینەوە، چونکە پلێتی عەرەبی دەچێتە ژێر پلێتی فارسی ساڵانە لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٧ ملیمەتر ئەم جوڵەیە بەردەوامی ھەیە و ئەمەش کاریگەریی ھەیە لەسەر روودانی بوومەلەرزە، رەنگە بگوترێت ئەو ژمارەیە پێوانەیەکی زۆر کەمە، بەڵام ئەگەر رەچاوی ئەوە بکەین کە باس لە باڕستەیەکی یەکجار گەوەر دەکەین و پلێتی عەرەبی لە کەنداوی عەدەنەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە کەنداو و بەشێک لە تورکیا دەگرێتەوە، بۆیە ئەم بارستە قورسە کە بەیەکجار جوڵە دەکات دەبێتە ھۆی شکانی چینەکانی زەوی و پێویستە ئەو ھێزە لە ناخی زەوییەوە بێتە دەرەوە، بۆیە زیاتر ھۆکارەکانی بوومەلەرزەکان سروشتیین".
- "لەدوای بوومەلەرزە بەھێزەکەی ئەمڕۆوە تا لای نیوەڕۆ ٥٠ بوومەلەرزەی دیکەمان تۆمارکردووە"
لەبارەی رێنماییکردنی ھاووڵاتییان بۆ خۆپاراستن لەکاتی روودانی ھەر بوومەلەرزەیەک و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی زیاتر ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت "ھەرکاتێک بوومەلەرزە سەرەکییەکە روودەدات دڵنیادەبین کە بوومەلەرزەی دیکە روونادات، بۆیە دوای ئەوەش پاشکۆکانی دەبێت، ھەر وەکو ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە و دوای ئەوە نزیکەی ٥٠ پاشکۆی بوومەلەرزە روویدا، بۆیە گوڕی بوومەلەرزەکان لە پاش ئەوەی لە ٠١:١٣ بوو بەرەو لاوازی چوون، ھەروەھا درێژەکێشانی بوومەلەرزەش پەیوەندە بەو داشکاندنەی کە لەو ناوچەیە دروستیکردووە و بەردەوامیی پاشکۆکانی بوومەلەرزە لە نێوان ١٠ رۆژ بۆ مانگێکی پێدەچێت بۆ ئەوەی سەقامگیرییەکەی بگەڕێتەوە".
گوتیشی: "بوومەلەرزە وەکو خۆی خەڵک ناکوژێت، بەڵام شێوازی بەرنگاربوونەوەی روودانی بوومەلەرزەکەیە کە دەتوانیین لە کاریگەرییەکانی کەم بکەینەوە، ئەمەش پەیوەستە بە ھۆشیاریی ھاووڵاتی کە چی رەفتارێک دەکات بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی بوومەلەرزە، ئێستا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی ئەوەین لاپەڕەیەک لەبارەی بوومەلەرزە بخرێتە پرۆگرامەکانی خوێندنەوە بۆ ئەوەی ھۆشیاریی زیاتر لەبارەی رەفتارکردن لەکاتی روودانی بوومەلەرزە زیاتر ئاشنا بکەین و ئەمەش لە قۆناغە سەرەتاییەکانەوە دەست پێبکەین".
ھەر لەو رووەوە زیاتر تیشکی خستە سەر ئەو پرسە و گوتی: "بوومەلەرزە کورتترین ماوە دەخایەنێت، زۆرترین ماوەی بوومەلەرزە لە نێوان ٢٠ تاوەکو ٣٠ چرکەدایە، واتە ئەو ماوە کورتە پێویست بەوە ناکات ھاووڵاتی بشڵەژێت، بۆیە گرنگ ئەوەیە لە روکنێکی خانووەکە بپارێزێت و خۆی لە کەوتنەخوارەوەی سەقف و دیوار بپارێزێت، ئەگەر لە دەرەوە بێت خۆی لە تاوەرەکانی کارەبا و تاوەرەکانی تەلەفۆنات و ھێڵەکانی گەیاندن، ھەروەھا خۆی بەدوور بگرێت لە ژێر پردەکان".
سەبارەت بەوەی ئایا باڵەخانەکان کە لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن رێککارەکانی سەلامەتیی تیادا رەچاو دەکرێت بەتایبەت لە مەسەلەی خۆپاراستن لە بوومەلەرزە و کەمکردنەوەی زیانەکانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو مەرج لە رووی زانستییەوە باڵەخانەکان بەو شێوە زانستییە دروستنەکراون، بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوە نییە رێککارەکانی سەلامەتییان تیادا نەپارێزراوە، بە نیشانەی ئەوەی ئەو بوومەلەرزەیەی ساڵی رابردوو روویدا ئەگەر سەیری ناوچەکانی ئێران و ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بکەین و بەروارودییان بکەین زیانەکان لە ئێران یەکجار زۆر بوو، بەڵام لێرە تا رادەیەک باشتر بوو و کوالیتی دروستکردنی باڵەخانەکان لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانیش باشترن لەوانەی لە ئێران بوون کە داڕمان، لەم ماوەیەش چەندین وۆرکشۆپ و کۆنفڕانسمان لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و یەکێتی ئەندازیاران کردووە بۆ ئەوەی چی بکرێت بۆ ئەوەی مەرجەکانی سەلامەتی زیاتر رەچاو بکرێن".
- "پلەکانی گەرما دادەبەزێت"لەبارەی پلەکانی گەرما لە ئەمساڵ و شەپۆلی گەرما فازل ئیبراھیم لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھاوینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو فێنکتربووە تا رادەیەک، ئەمەش ھاووڵاتی بە ئاسانی ھەستی پێدەکات، بەڵام لە بەشێکی ئەورووپا گەرما زیاتر ھەستی پێدەکرێت، لەکاتی ئێستادا دوو رۆژە شەپۆلێکی گەرما کاریگەریی کردووەتە سەر ناوچەکانی ئێمە و پلەکانی گەرمای لە بەشی ھەرە باشووری ھەرێم بەتایبەت لە گەرمیان لە ٤٧ بۆ ٤٨ پلەی سەدی و لە ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە و دھۆکیش بۆ ٤٢ بۆ ٤٣ پلە بەرزکردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت دواتر ئەو پلانە بە دوو تا سێ پلە بەرەو دابەزین بچێت و لە نێوان ٤٠ بۆ ٤١ پلە دەمێنێتەوە".
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای زەوی بەگشتی ئەو بەرپرسە گوتی: "ساڵانی پێشتر کە باسی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکرا بە سیاسی و ئابووری و وڵاتانی پیشەسازی و ئەورووپا دەیانگوت وڵاتانی تازە پێگەیشتوو دەیکەن بە بەھانە بۆ دەستکەوتنی ماددیاتی دیکە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوو کە دەریخست گۆڕانی کەشوھەوا کاریگەریی لەسەر ھەموو دونیا کرد، وایکرد چەندین رێککەوتنی لێ بکەوێتەوە و مەترسییەکان لەسەر ئەم پرسە بخرێتە روو و سووتاندنی دارستانەکان و بەرزیی پلەکانی گەرما دەریخست ئەمە راستییە، ھۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە سروشتی ھەیە و ھەروەھا ھۆکاری مرۆیش ھەیە کە لە دروستکردنی کارگەکان و ئامێرە تەکنەلۆجیاییەکان و زۆربوونی دانیشتوانی زەوی و بڕینەوەی دار و کەمبوونەوەی سەوزیی وایکردووە پلەکانی گەرما زیاد بکات".
news_share_descriptionsubscription_contact

