Muhammet Kurşun
03 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2019
تاران - AA
سه‌ركۆماری ئێران حه‌سه‌ن رۆحانی رایگه‌یاند، هێشتا بڕیارێكیان نییه له‌باره‌ی دانوستانی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی واشنتۆن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا كۆتایی به سزاكانی بهێنێت، ده‌كرێت به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌كانی 5+1دا بكه‌ن.
سه‌ركۆماری ئێران رۆحانی له‌میانه‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر كاندیدی پۆستی وه‌زاره‌تی كولتوور و گه‌شتوگوزار و وەزارەتی په‌روه‌رده‌دا له په‌رله‌مانی ئێران، گوتارێكی پێشكه‌شكرد و رۆژهڤهكانی هه‌ڵسه‌نگاند.
رۆحانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه پێشتریش له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا روونكردنه‌وه‌یان داوه و، هه‌ندێك له قسه‌كانیان به هه‌ڵه لێكدراوه‌ته‌وه و گوتی،"هیچ بڕیارێكمان نییه له‌باره‌ی دانوستانی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا. بێگومان له‌وباره‌وه پێشنیاز هه‌بووه، به‌ڵام هیچ كات وه‌ڵامی ئه‌رێنیمان نه‌داوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا كۆتایی به ته‌واوی سزاكان بهێنێت، ده‌كرێت به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌كانی 5+1دا بكه‌ن. كه ده‌گوترێت دانوستان، هه‌ندێك وه‌ك دانوستانی دووقۆڵی تێده‌گه‌ن، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك دانوستانی دووقۆڵی لهرۆژهڤدا نییه".
ناوبراو دووپاتیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر تا رۆژی پێنج شه‌ممه، دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ئه‌نجامێكی نه‌بێت، هه‌نگاوی سێیه‌م ده‌گرنه‌به‌ر.
رۆحانی باسی له‌وه‌شكرد كه دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، وڵاتانی ئه‌ورووپاش به ئه‌ركه‌كانیان هه‌ڵنه‌ساون و ئه‌گه‌ر به ئه‌ركی خۆیان هه‌ستن، ئه‌مریكا له‌ڕووی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه شكست دێنێت.
سه‌ركۆماری ئێران راشیگه‌یاند، ئێران دوای ساڵێك مۆڵه‌ت ده‌ستی به كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانی كردووه و گوتی: "پێویست بوو هه‌نگاو بنێین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانمان و 8ی ئایار یه‌كه‌م قۆناغمان ده‌ستپێكرد و ماوه‌یه‌كی دوو مانگیمان ته‌واوكرد. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی دیاریكراودا ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی درابوون جێبەجێ نەکران، بۆیە قۆناغی دووه‌ممان ده‌ستپێكرد و ئەوا دوو مانگی ئەو قۆناغەش تەواو دەبێت".