Muhammet Ali Kemal
12 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2018
مۆسکۆ- AA
بەر لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی کە بڕیارە لە سۆچی بەڕێوەبچێت، وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، محەمەد جەواد زەریف تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریایان کرد.
لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا سێرگی لاڤرۆڤ و جەواد زەریف بیروڕایان سەبارەت بەو هەنگاوانەی دەنرێن لەبارەی چارەسەری سیاسیی لە سووریا لەچوارچێوەی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاڵوگۆڕکردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە لاڤرۆڤ و زەریف بەردەوامن لە راوێژکردن لەگەڵ یەکتر سەبارەت بە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی کە بڕیارە لە سۆچی ئەنجامبدرێت و هاوکات دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریایان تاوتوێکردووە.
پیشتر وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاشکرایکردبوو نزیکەی هەزار و ٧٠٠ کەس لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریادا بەشداریی دەکەن کە لە سۆچی سازدەکرێت.
لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا هەریەک لە تورکیا، ئێران و رووسیاوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆنگرەکە دەربڕیبوو کە بڕیارە لەنێوان رژێمی ئەسەد و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا بەڕێوەبچێت.