Mennatallah H. H. M. Said A
08 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2020
دیمەشق - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، کاری لە پێشینە لە سووریا لە ئێستادا دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەیە.
سێرگی لاڤرۆڤ کە دوای هەشت ساڵ بە سەردانێکی فەرمی لە دیمەشقە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی، وەلید موعەلیم کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.
لاڤرۆڤ رایگەیاند: "سووریا بە پشتیوانی رووسیا لە شەڕی دژبە تیرۆر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کاری لەپێشینە لە ئێستادا ئاوەدانکردنەوەیە".
وەزیری دەرەوەی رووسیا راشیگەیاندووە مۆسکۆ بەرگریی لە بنەمای سەروەری سووریا و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە دەکات و جەختی لەوەشکردەوە کە تەنها سوورییەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی وڵاتەکەیان دەدەن.
لاڤرۆڤ جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تاوەکو کۆتایی بە دوایین پێگەی تیرۆر لە سووریا دەهێنن.
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەشکردووە کە مۆسکۆ لەبارەی ئیدلبەوە چەند رێککەوتنێکی روونی لەگەڵ تورکیا هەیە و جێبەجێکراون.
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ دوایین سەردانی بۆ سووریا لە شوباتی 2012دا ئەنجامی دابوو.
چاوەڕێ دەکرێت لاڤرۆڤ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق لەگەڵ سەرۆکی رژێمی سووریا، بەشار ئەسەد کۆببێتەوە.