Mehmet Burak Karacaoğlu,Ahmet Karaahmet
03 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2021
ئیدلب - AA
بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سووریا دەیان هەزار هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و لەنێویشیاندا زیاتر لە ٢٩ هەزار منداڵ هەبوون، ئەمە جگە لەوەی ملیۆنەها کەس ئاوارە و بێماڵ و حاڵ بوون.
لە ئاداری ٢٠١١وە کە شەڕی ناوخۆ دەستیپێکردووە، ملیۆنەها منداڵی ئەو وڵاتە لەبری چوون بۆ قوتابخانە و یاری لە ترسی پەلامار و بۆردومان بەردەوام لە شوێنێکەوە دەچن بۆ شوێنێکی دیکە و تەواو لە کەشێکی ناتەندروستدا گەورەدەبن.
راکان فەریس یەکێکە لەو منداڵانەی کە بووەتە قوربانی جەنگ و چوار ساڵ بەرلە ئێستا لە بۆردومانێکی رژێمی ئەسەد دا لەگەڵ دوو خوشکی برینداربووە.
راکان-ی تەمەن ١٠ ساڵ بەبۆنەی چواری حوزەیران- رۆژی جیهانی منداڵانی قوربانیی جەنگ، لێدوانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دا و باسی لەوە کرد کە لە کاتێکدا لە ماڵەکەی خۆیاندا دانیشتبوون، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەسەد بۆردومانی ماڵەکایانیان کردووە و لەو پەلامارەدا، قۆڵێکی لەدەستداوە و دواتریش بۆ چارەسەر هێندراوەتە تورکیا.
ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو کە بەهۆی خراپی باری داراییانەوە نەیتوانیوە بچێتە بەر خوێندن و گوتی: "من ناتوانم بخوێنم، چونکە پارەمان نییە. لەئێستادا پلاستیک کۆدەکەمەوە و چاودێری خوشک و براکانم دەکەم. تەنها خواستی من قۆڵێکی دەستکردە".
فەوزییە فەریس، خوشکی راکان-ە و هاوشێوەی براکەی ئەویش لە هەمان پەلاماردا قۆڵێکی لەدەستداوە.
خەونی فەوزییە-ی تەمەن نۆ ساڵ ئەوەیە دوکانێکی هەبێت و بتوانێت وەک خەڵکی دیکە بژی، دەشڵێت "لەڕێی دوکانەکەوە بژێوی ژیانم دابین دەکەم و خوشک و براکانم بەخێودەکەم".
جوزییە-ی دایکی منداڵەکانیش باس لەوە دەکات کە لە بۆردومانەکەی ئەسەد دا ماڵەکەیان وێران بووە و سێ منداڵیشی برینداربوون.
بەگوتەی جوزییە، راکان و فەوزییە، هەریەکەیان قۆڵێکیان لەدەستداوە و کچێکی دیکەشی دەمارەکانی قۆڵی زیانیان بەرکەوتووە، ئەگەر بێتو نەشتەرگەری بۆ بکرێت ئەوا دەستی وەک جارانی لێدێتەوە، بەڵام ناتوانن خەرجی نەشتەرگەری بدەن.
ئەو دایکە ئاماژەی بەوەشدا کە منداڵەکانی تەنانەت ناتوانن وەک منداڵێکی ئاسایی یاری بکەن وگوتی: "نازانم چی بڵێم، زۆر شتێکی کارەساتبارە، ئاخر منداڵەکانی من چ تاوانێکیان هەیە؟ بەبێ ئەوەی هیچ شتێکیان لە ژیاندا دیبێت دەست و قۆڵیان لەدەستدا. دوای وێرانبوونی خانووەکەشمان ناچاربووین کۆچ بکەین".
جوزییە، ئەوەشی خستەڕوو کە منداڵەکانی لەڕێی فرۆشتنی پلاستیکەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن و گوتی: "منداڵەکانم ناتوانن بخوێنن. چونکە توانای ماددیمان نییە، ئەگەر ئەم منداڵە بچێتە قوتابخانە دەیەوێت وەک هاوڕێکانی جل لەبەربکات و نان بخوات، بەڵام ئێمە پارەی ئەوەمان نییە. تەنها ئاواتی من ئارامی منداڵەکانمە، دەمەوێت ماڵیان هەبێت و ئەوەندەمان ئاژەڵ هەبێت کە بتوانین خۆمانی پێبژیەنین. پێشتر مەڕ و بزنمان هەبوو. ئەگەر ئێستاش ئاژەڵمان هەبووایە، شیرم دەدۆشی و خەرجی منداڵەکانم پێدابین دەکرد. دەخوازم منداڵەکانم موحتاجی کەس نەبن. کاتێک دراوسێکان خواردنی خۆش لێدەنێن، منداڵەکان تەماشایان دەکەن، منیش بەو دیمەنە دڵم تەنگ دەبێت".