Sarmand Hameed
03 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
تەلەڤیزیۆنی فەرمی دەوڵەتی عێراق کوژرانی فەرماندەی سوپای قودس سەر بە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبومەھدی ئەلموھەندیس-ی راگەیاند کە لە بۆردومانێکی ئەمریکادا لە بەغدا کوژران.
سەرچاوەیەک لە راگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس-ی پشتڕاست کردەوە.
**قاسم سولەیمانی کێیە؟
سولەیمانی ساڵی ١٩٥٥ لە شاری قوم باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە خانەوادەیەکی هەژار لەدایک بووە، تەنها خوێندنی ناوەندی تەواوکردووە و کاری کرێکاری کردووە. دواتر لە فەرمانگەی شارەوانی کرمان کاری کردووە، تا شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا.
دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە ئێران، سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانەوە دەکات.
سولەیمانی وەک فەرماندەی سەربازی بەشداریی جەنگی نێوان عێراق ئێران(١٩٨٠-١٩٨٨)ی کردووە.
لە سەرەتای جەنگی نێوان عێراق ئێران فەرماندەیی فەیلەقی ٤١ بووە لە پارێزگای کرمان، دواتر پلەی بەرزکراوەتەوە و وەک یەکێک لە دە فەرماندە سەربازییە پلە باڵاکان لەنێو سوپای وڵاتەکەیدا لە سەر سنوور ئەرکی پێدراوە.
ساڵی ١٩٩٨ لە شوێنی ئەحمەد وەحیدی کراوە بە فەرماندەی فەیلەقی قودس، و لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١١دا پلە سەربازییەکەی لە عەقیدەوە بەرزکراوەتەوە بۆ لیوا.
سولەیمانی چووەتە ریزەکانی سوپای پاسداران کە بۆ بەرگرتنی سوپا لە ئەنجامدانی کودەتا دژ بە خامنەیی پێکهێنرا و تا لە ساڵی ١٩٩٨دا بووە فەرماندەی فەیلەقی قودس.
**قاسم سولەیمانی و تیرۆر
ئەمریکا ناوی قاسم سولەیمانی خستبووە لیستی تیرۆری وڵاتەکەی و وەک تیرۆریست و پاڵپشتیکار لە تیرۆر لەقەڵەمی دابوو، بەپێێ بڕیارەکەی ئەمریکا هیچ هاووڵاتییەکی ئەمریکی مافی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ سولەیمانیدا نەبووە.
هاوکات بەپێی بڕیاری ژمارە ١٧٤٧ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سولەیمانی لە لیستی ئەو کەسانەدا بووە کە سزای بەسەردا سەپێنرابوو.
لە ١٨ی ئایاری ٢٠١١دا، ئەمریکا جارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی رژێمی سووریا، بەشار ئەسەد و چەند بەرپرسێکی دیکەی رژێمی سووریا سزای بەسەر سولەیمانییدا سەپاند بەهۆی تێوەگلانی بە پاڵپشتی دارایی بۆ رژێمی ئەسەد.
لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١١دا، گۆڤاری فەرمی یەکێتی ئەورووپا ناوی سێ فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە کە سولەیمانی یەکێک بووە لەو سێ فەرماندەیە، بەهۆی پاڵپشتیی بۆ رژێمی سووریا.