Sarmand Hameed
08 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2018
نيويۆرک - AA
فەڕەنسا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات بەهۆی ئەو هێرشە کیمیاییەی رژێمی سووریا بۆ سەر شاری دوما ئەنجامی دا و بەهۆیەوە دەیان قوربانی لێکەوتەوە.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی رژێمی سووریای کرد بەهۆی بەردەوامی گەمارۆکان و هێرشەکانی بۆ سەر غوتەی رۆژهەڵات.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا نیگەرانی قوڵی خۆی نیشاندا بەهۆی ئەو هێرشە کیمیاییەی کە شاری دومای کردە ئامانج.
لۆدریان راشیگەیاندووە کە پاریس هەموو بەرپرسیاریەتییەکانی دەگرێتە ئەستۆ بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی کیمیایی.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان ئاماژەی بەوەشکردووە کە "بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانی جەنگە".
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بە کاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەپەلەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش نەکرد بەڵام سەرچاوەکانی دیپلۆماسی ئاشکرای کرد کە سبەی دووشەممە ئەنجوومەنی ئاسایش کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هێرشە کیمیاییەکەی سەر شاری دوما.