Alaattin Doğru,Abdullah Abdulmanaf Shukur
31 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2021
پاریس - AA
خۆپیشاندانی ھاووڵاتییانی فەڕەنسا لە بەرامبەر پڕۆژە یاسایی ئاسایشی گشتی کە بووەتە جێی مشتومڕی لایەنەکان، لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە بەردەوامە.
ھەزاران کەس لەسەر بانگھێشتی یەلەک زەردەکان، سەندیکای رۆژنامەنووسان و رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، بەمەبەستی داواکردنی کشاندنەوەی پڕۆژە یاسای ئاسایشی گشتی لە شاری پاریسی پایتەخت و شارەکانی دیکە کۆبوونەوە.
لە میانی خۆپیشاندانەکاندا، جاربەرجار بەریەککەوتن لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی ریپەبلیکی پایتەخت روویدا.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پلانی ئەوەیان ھەیە کە ھەموو ھەفتەیەک لە دژی ئەو پڕۆژە یاسایە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.
لە ٢٢هەمین ماددەی پڕۆژە یاسای ئاسایشی گشتی، باس لەوە دەکرێت کە جەندرمە و پۆلیس دەتوانن بۆ چاودێریکردنی خۆپیشاندانەکان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەکاربھێنن.
هاوکات لە پڕۆژە یاسایەکەدا دەسەڵاتی پۆلیس لە بەکارھێنانی ئەو دیمەنانەی کە لە شوێنە گشتییەکان تۆمارکراون فراوانتر کراوە و دەسەڵات دراوە بە بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆنانەی خۆپیشاندانەکان کە بەھۆی ھێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە تۆمارکراون.