سلێمانی ـ AA
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، فەرید ئەسەسەرد رایگەیاند، بڕیاری حزبەکەی ئەوەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو رێککەوتن بچن و حکوومەت و پەرلەمانێکی ھاوبەش کۆیان بکاتەوە، بەڵام ئەگەر نەگەن بەو ئەنجامە ئەوکات بیر لە رێگایەکی تر دەکەنەوە.
فەرید ئەسەسەرد لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەیوەندییەکانی نێوان حزبەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و خاڵی ناکۆکی و جیاوازییەکانی نێوان ھەردوولا قسەی کرد و گوتی: "گەشترین خاڵ لەو بابەتەدا ئەوەیە کە پڕۆسەکە تا ئێستا بەردەوامە، بەردەوام بوونی پڕۆسەکەش ئەوەیە کە تا ئێستا کێشەکان چارەسەر نەکراون ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئیرادەیەک ھەیە لەلایەن ھەردوو لاوە بۆ چارەسەرکردن، کاتێک کێشەکان بەچەقبەستوویی بمێنێتەوە و ھیچ کۆبوونەوەیەک نەکرا و پێکەوە دانەنیشتن ئەوە مانای ئەوەیە کێشەکە زۆر گەورەتر بووە، تا ئێستا ھەوڵ ھەیە، بەڵام لە ھەموو دۆخێکدا ئەو پڕۆسەیە نەگەیشتووەتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە و نەگەیشتووەتە رێککەوتن، ئەو بەردەوامییەش ئومێدێک دەداتە خەڵک و ھەردوو لایەن بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە رێککەوتن".
ئەسەسەرد ھەروەھا گوتی: "ھەردوو لایەن ھەموو ھەوڵەکانی خۆیان دەخە گەڕ بۆ ئەوەی بگەن بە رێککەوتنێکی گونجاو لە ھەمان کاتدا کۆبوونەوە خۆی لە خۆیدا بەڵگەی ئەوە نییە کە دەگەن بە رێککەوتن، ئیرادەی گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەر لەناو یەکێتی ھەیە، بەڵام گەیشتن بە رێککەوتن لە لای ئێمە ئەوە نییە کە بەھەر نرخێک بێت و ھەرچۆن بێت دەبێت رێکبکەوین، ئێمە بنەمامان داناوە و لەسەر ئەو بنەمایانە گفتوگۆی لەسەر دەکەین و دەمانەوێت بگەین بە رێککەوتن".
لە بارەی ئەو بنەمایانەی حزبەکەی دایناوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی لە وەڵامدا گوتی: "ئەو بنەمایانە بنەما سەرەکییەکانن، ئێمە چوار ساڵ پێکەوە دەبین و دەتوانین ئەو چوار ساڵە پێکەوە بین بەبێ ئەوەی کێشەمان لەنێواندا ھەبێت، بەڵام دەبێت لەئێستاوە ئەو کێشانە چارەسەر بکەین یان بناغەی بۆ دابنێین، بە ھۆی ئەوەشەوە ھەر سێ بابەتەکەمان (پرسەکانی بەغدا، کەرکووک و ھەرێمی کوردستان) کردووەتە یەک پاکێج، من پێم وایە کە ئەگەر دوو لایەنی تر بوونایە رەنگە بیان توانیایە بەئاسانتر ئەم پاکێجە تەواو بکەن، ئێمە ئەوەندەی پێمان کرابێت نەرمیمان نواندووە، بەڵام ئەو نەرمی نواندنە لە یەک لایەنەوە ناتوانێت بتگەیەنێتە رێککەوتن و ئەنجامی خوازراو، بەڵکو پێویستە نەرمی نواندن لە ھەردوو لایەنەوە بێت".
ئەو زیاتر لەو بارەیەوە گوتی: "تا ئێستا پڕۆسەکە ھەڵنەوەشاوەتەوە و لە شوێنی خۆشی نەچەقیوە، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکەین کۆبوونەوە بکرێت، رەنگە دیپلۆماسیەتی نامە و نامەکاری و دیپلۆماسیەتی مۆبایل رێگەخۆش دەکات بۆ کۆبوونەوەکان، بەڵام بابەتەکان لەناو کۆبوونەوەکان چارەسەر دەکرێت نەوەک بە نامە و تەلەفون، پێویستە ھەموولایەک پێکەوە دابنیشن و زۆر بەقوڵی بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و واژووشی بکەن".
فەرید ئەسەسەرد ئەوەشی گوت "ئێمە لەو بەرنامەیەی لەگەڵ پارتی ھەمانە بابەتی پۆستەکانمان خستووەتە لاوە و ھیچ کێشەیەکمان لەو بارەیەوە نییە و دەکرێت لە قۆناغی دووەمدا بچینە سەری، ئێمە دەمانەوێت بابەتی پێکھێنانی کابینەی نۆیەم رێگەخۆشکەر بێت بۆ جۆرێک لە پەیکەربەنکردنەوەی حکوومەت و جۆرێک لە جۆرەکانی چاکسازی ئیداری و یاسایی لە ھەموو بوارەکاندا، ئەوە دەرفەتێکە لە سوودی ھەردوولا و پرۆسەکەشە، ھەست بەوە دەکەین جددیەتێکی زۆر لە بارەی بابەتی چاکسازییەوە نەبێت، بە نموونە ئێمە پێمان باشە دادگایەکی باڵا لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت و ھەندێک لە دامودەزگاکانی ھەرێم پێویستی بە چاکسازی ھەیە، ھەموو بۆچوونەکانی خۆمان لەوێ داناوە، بەڵام ئەگەر نەچێتە سەر کاغەز پابەندی لەسەر دروست نابێت و لە ھەمان کاتیشدا ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ھەردوولادا دێتە ئاراوە دەبێت رێککەوتنێکی ورد بێت و ھەر وشەیەک مانای خۆی بدات، نەوەک ھەر داڕشتن بێت و بە شێوەیەکی گشتی باس لە بابەتەکان بکات، چونکە ئەوە لە کۆتاییدا ھەر کێشەی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە ھۆی ئەوەش لە کاتی ھەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دوو بۆچوونی جیاواز بێتە ئاراوە".
ئەسەسەرد لە بارەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەردوولا زیاتر گوتی: "بابەتێکی تر بابەتی سێ پاکێجەکەیە کە ئێمە تا ئەندازەیەکی زۆر لەسەر پاکێجی یەکەم کە ھەرێمی کوردستانە رێکین و کێشەیەک نییە، بەشداریکردن لە حکوومەت ئەمە خۆی لە خۆیدا پاکێجێکە، بەڵام ئەمە تەنھا دابەشکردنی پۆستەکان ناگرێتەوە و شێوەی بەڕێوەبردنی ھەرێمیش دەگرێتەوە کە دەبێت لەسەر ئەوە رێکبکەوین، پرسی کەرکووک لە لای ئێمە پرسێکی گرنگە و لە لای پارتی و ھەموو حزبەکانیش پرسێکی گرنگە، بوونی پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک، ئەوە بابەتێکە ھەموومان کۆدەکاتەوە و ھەردوولاش کۆکن لەسەر ئەم بابەتە، ئەوەی کۆمان ناکاتەوە ئەوەیە ئەو پارێزگارە لە چ حزبێک بێت، ئێمە بەو جۆرە سەیری ئەو بابەتە دەکەین کە لە دوایین ھەڵبژاردن لە کەرکووک یەکێتی نیوەی دەنگەکانی بەدەستھێناوە و ھێزی یەکەمە لە شارەکە لەبەر ئەوە وەک چۆن پارتی شایستەی ئەوەیە سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لەو بێت بە ھۆی ئەوەی ھێزی براوەی یەکەمە لە کەرکووک-یش یەکێتی بەھەمان شێوە ھێزی یەکەمە و سوورین لەسەر ئەوەی پارێزگار لە یەکێتی بێت".
ئەو گوتی: "پرسی سێیەم کێشەیەکی گەورە نییە لە ناوەڕۆکدا، بەڵام کێشەیەکە دەتوانین چارەسەری بکەین، پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەتی عێراق دوو وەزارەتی ھەیە لە ھەمان کاتدا وەزیری دارایی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقە بۆ کاروباری دارایی، جگە لەوەی لە پەرلەمانی عێراق پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان ھەیە و ئێمە ھیچ پۆستێکمان لە پەرلەمانیش نییە، مەعقول نییە حزبێک لە بەغدا سەرکۆمار لەو بێت و یەک وەزیری نەبێت، داوای وەزارەتێکمان کردووە، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە زۆر ناخۆشە ئەوەیە کە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراویشەوە دەیبیستینەوە کە پارتی گوێی لەوە نییە کە ئەو وەزارەتە بۆ خۆی بێت تەنھا بۆ یەکێتی نەبێت، ئامادەیە دەستبەرداری ئەو پۆستە وەزارییە بۆ ھەر حزبێک بێت تەنھا بۆ یەکێتی نەبێت کە ئەوەش ئێمە ئازار دەدات، ئەوەش وا دەکات کە لە بەرامبەر ئەوان کە سوورن لەسەر ئەو بابەتە ئێمەش سوور بین لەسەری لە کاتێکدا بوونی ئەو وەزارەتە بۆ یەکێتی ھیچ زیانێکی بۆ پارتی نابێت".
سەبارەت بە سەرنج و ھەڵوێستی یەکێتی لەسەر پرسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، فەرید ئەسەسەرد لەو بارەیەوە گوتی: "بە ھۆی ئەوەی پارتی بە شێوەیەکی کتوپڕ ئەو بابەتەی ورووژاند ئێمە تا ئێستا باسی ئەوەمان نەکردووە، تێڕوانینی ئێمە لەسەر ئەم بابەتە بۆ ماوەی پێنج ساڵە روونە، ھەموو لایەک دەزانن کە ئێمە داوای سیستمی پەرلەمانیمان کردووە و لە کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکانیش جەختمان لەسەر ئەو ھەڵوێستەی خۆمان کردووەتەوە، مانای سیستمی پەرلەمانی دیارە کە چۆنە و دەسەڵات و شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک لە سیستمی پەرلەمانی جیاوازە لەوەی لە سیستمی سەرۆکایەتی یان نیمچە سەرۆکایەتی بێت، ئێمە لەگەڵ سێ لایەنی تر پڕۆژە یاسایەکمان داوەتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کراوە، بۆچوونی ئێمە لەناو ئەو پڕۆژە یاسایەدایە و تا ئێستا ھەر ماوە، بۆچوونە گشتییەکەش کە بریتییە لە پشتگیریکردنی سیستمی پەرلەمانی تا ئێستا لەسەر ئەوە سوورین و پێمان وایە کە ئەوە بەرژەوەندی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە وەک چۆن لە عێراقیش سوودمەندین لە سیستمی پەرلەمانی".
ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆتایی دیمانەکەدا و لە بارەی کاریگەری بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کاردانەوەی لەسەر دۆخی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ھەنگاوی داھاتووی حزبەکەی لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر قسەی کرد و گوتی: "ئەوە بابەتێکی زۆر ھەستیار و گرنگە، کەس حەز ناکات وڵاتەکەی پارچە پارچە بێت، بەڵام ئەوەی کە پەیوەندی بەئێمەوە ھەیە ئەوەیە کە ئێمە بەڕێگایەکدا دەڕۆین و ھەوڵ دەدەین بگەین بەو رێگەیە، ئەگەر نەگەیشتین بەو رێگایە و کۆسپ و لەمپەر و تەگەرەی لە بەردەم بوو ئەوا ناچارین رێگەیەکی تر بدۆزینەوە بۆ گەیشتن بە ئامانج، ئەوەی ئێمە سەیری ئەم بابەتە دەکەین بەو جۆرەیە و ھەوڵ دەدەین کێشەکان تەشەنە نەکات و بگەین بە رێککەوتن، بە پێچەوانەوە ئەگەر نەگەین بە رێککەوتن دەبێت بڕیارێک لەو بارەیەوە بدەین".
ئەسەسەرد باسی لەو رێگەچارەی حزبەکەی نەکرد لە کاتی نەگەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ھەنگاوی بۆ دەنێن، تەنھا ئەوەی گوت "ئێستا بڕیاری ئەوەمان ھەیە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو رێککەوتن بچین و حکوومەتێکی ھاوبەش و پەرلەمانێکی ھاوبەش پێکەوە کۆمان بکاتەوە، بەڵام ئەگەر حکوومەتێکی ھاوبەش و پەرلەمانێکی ھاوبەش نەبوو کۆمان بکاتەوە ئەوکات پێویستە بیر لە شتێکی تر بکەینەوە کە تا ئێستا ھیچ بڕیارێکمان نییە لەو بارەیەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact

