Serdar Bıtmez,Halime Afra Aksoy
17 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2022
زوفەر- AA
نانی زوفەر یەکێکە لە بەرهەمە رەسەن و کولتوورییەکانی عومان کە دەتواندرێت بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵبگیردرێت، بەم هۆیەشەوە لە کۆنەوە بیاباننشینانی ناوچەکە خواستیان لەسەر ئەم نانە بووە، تا ئێستاش نانی زوفەر توانیویەتی پێگەی خۆی بپارێزێت.
مێژووی ئەم نانە دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ بەر لە ئێستا و لە شاری زوفەری باشووری عومان دروست کراوە، ئەم نانە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە "قاڵب" یان "چۆرەک"ی پێدەگوترێت و لە رۆن، ئارد، شەکر، خوێ و رەشکە، دروست دەکرێت، لە فڕنە هاوچەرخەکانیشدا هەر بە هەمان شێواز و تام و چێژی کولتووری خۆی، دەبرژێندرێت.
لە رابردوودا لەبەر ئەوەی ژنانی عومان خۆیان ئارد و رۆنیان ئامادە دەکرد، دروستکردنی ئەم نانە، پێویستی بە زەحمەتێکی زۆر هەبوو.
بەڵام لەمڕۆدا دروستکردنی نانی زوفەر پێویستی بە ماندووبوونی زۆر نییە و بە ئاسانی دەگاتە سەر سفرە و خوانەکان.
- نانەکە چەند نەخشێکی تایبەت بە خۆی هەیە
شاری زوفەر پێشەنگی ئەو ناوچانەیەی عومانە کە خواردن و تامە کولتوورییەکان تیایاند دەپارێزرێن، هەربۆیە تا ئێستاش دروستکردنی ئەم نانە تیایدا بەردەوامە.
نانەکە شێوەی خڕ و تەنکە و لەلایەن خانمانی زوفەرەوە بە لێهاتوویی و گرنگییەکی تایبەتەوە ئامادە دەکرێت.
سەرەتا نانەکان دەکرێنەوە و دواتر لە رێی چەند قاڵبێکەوە کە لە قوڕ دروست کراون، نەخشی جۆراوجۆریان پێدەدرێت.
- نانەکان لە تەندووری تایبەتدا دەبرژێندرێن
ئەو تەندوورەی نانەکانی تیادا دەبرژێندرێت لەناو چاڵێکدا دروستکراوە و ناوپۆشەکەی بە قوڕی چیاکان سواغ دراوە. لە رابردوودا بۆ سواغدانی ناوپۆشی تەنوورەکان، گڵی زەردیان بەکاردەهێنا.
گەرمی پێویست بۆ برژاندنی نانەکان لە رێی سووتاندنی داری وشک و گۆڕینی بۆ پشکۆ بەدەستدەهێنرێت.
- رۆژهەڵاتناسانی وەک ئیبن بەتوتە باسیان لەم نانە کردووە
لە رابردوودا شوانەکان و ئەو کەسانەی بە بیاباندا گەشتی درێژیان کردووە، خواستێکی زۆریان لەسەر نانی زوفەر هەبووە، چونکە بۆ ماوەیەکی درێژ هەڵدەگیرێت و کۆن نابێت.
رۆژهەڵاتناسی بەناوبانگ، ئیبن بەتوتە لە ساڵی ١٣٣١ کاتێک سەردانی شاری زوفەری کردووە ئەم نانەی بینیوەوە و بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەی ٤٥ رۆژ دەتواندرێت هەڵبگیردێت، لەکاتی گەشتە دەریاییەکەیدا بۆ هیندستان، نانی زوفەری لەگەڵ خۆی بردووە.
- نانی زوفەر لە هەموو ناوچەکانی عومان خواستی لەسەرە
لە رۆژگاری ئەمڕۆشماندا نانی زوفەر لە هەموو ناوچەیەکی عومان دەستدەکەوێت و بەشێک لە خێزانەکانی ئەو وڵاتە بۆ دروستکردنی نانی زوفەر لە ماڵەکانیاندا تەندووری تایبەت دروست دەکەن.