Hawkar Yaseen
04 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2021
هەولێر AA
شەپۆلی گازێکی ژەهراوی لە دوورگەیەکی ئیتاڵیاوە بەرەو ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەیە، گازەکە لە دەرهاویشتەی گڕکان دروست بووە و لە هەر شوێنێک بەچڕی ئاسمان بگرێت زیانی تەندروستی بۆ مرۆڤ و ژینگەش دەبێت.
گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد محەمەد دەربارەی هاتنی ئەو گازە بۆسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئەو گازە بەهۆی تەقینەوەی گڕکانێک لە دوورگەیەکی ئیتاڵیا دروست بووە، بەهۆی ئەو دەرهاویشتەیەی لەناو گرکانەکە هەبووە کە کۆمەڵێک گاز و خۆڵەمێشی دەرکردووە و تێکەڵ بە هەوا بووە بەتایبەت گازی دوانۆکسیدی گۆگرد SO2، ئەوەی لە هەواشدا هەیە هەر ئەو گازەیە، گواستنەوەکەشی بەهۆی ئاراستەی باوە بڵاوبووەتەوە هەرێمی کوردستانیش ئەو بایەی رووی تێدەکات بای رۆژئاوایە بۆیە لە داهاتوودا گازەکە دەگاتە سەر هەرێمی کوردستان".
راشیگەیاند "لە کاتی گەیشتنی گازەکە ئاسمانی ھەرێمی کوردستان رەنگی بۆ سوور دهگۆڕێت، گازەکە کاریگەری دەبێت لە رووی ژینگەیی و تەندروستیشەوە، کاریگەرییەکەی زۆر دەبێت ئەگەر بەچڕی ئاسمان بگرێتەوە یان ئەگەر لەو کاتەدا باران ببارێت، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا لەو چەند رۆژەدا بارانمان نییە، پێشناچێت بەچڕی بێتە سەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان".
دەربارەی کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ، ئەحمەد محەمەد گوتی: "هەموو گازێکی ژەهراوی کە لە هەوادا بڵاودەبێتەوە کاریگەری دروست دەکەن لەسەر تەندروستی مرۆڤ بۆیە ئەمیش بەهەمان شێوە کاریگەری هەیە، بەڵام ئەگەر لەو کاتەدا باران ببارییایە یان بەشێوازێکی چڕ ئاسمانی بگرتایەتەوە کاریگەرییەکەی زیاتر دەبوو، بەڵام خۆشبەختانە لەو چەند رۆژەدا کە گازەکە دەگات بارانمان نییە، ئەو گازە زیاتر لە چینەکانی ئاسمان دەمێنێتەوە، چونکە گازێکی سووکە، ئەگەر زۆر بەچڕی بێتە سەر ئاسمان ئەو کاتە دادەبەزێتە سەر زەوی، بەڵام بەپێی پێشبینییەکانمان لەسەر بنەمای ئەوەی چووەتە سەر وڵاتانی دراوسێمان لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان چڕ نابێت".
دەربارەی کاتی گەیشتنیشی بۆسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند "ئەوەی مامەڵەی پێوەدەکات لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە خێرایی بایە، بەپێی پێشبینی خۆمان لەسەر بنەمای ئەو بایەی لە ناوچەکە هەیە رەنگە تاوەکو ٢٤ کاتژمێرێکی دیکە بگاتە لامان".
دەربارەی کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ، گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد محەمەد رایگەیاند "زیاتر کاریگەری لەسەر ئەندامەکان سەرەوەی جەستەی مرۆڤ دەبێت وەک قوڕگ، گوێ و لووت، زیاتریش کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە هەستیاری پێستیان هەیە یان رەبوویان هەیە، چونکە لە لووتەوە دەچێتە ژوورەوە و کاریگەری دروست دەکات و وادەکات کەسەکە هەست بە برژاندنەوەی لووت و چاو بکات و چاوی ئاوی لێبێت، باشترین خۆپارێزیش ئەوەیە لە کاتی گەیشتنی گازەکە لە ماڵەوە نەیەینە دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی کە نەخۆشییان هەیە، بە بەردەوامیش ماسک بەکاربهێنن".
ناوبراو گوتیشی: "پێویست بە ترس و دڵەراوکێ ناکات حاڵەتێکی ئاسایی دەبێت لە رۆژانی رابردوو لە چەند وڵاتێکی ناوچە تێپەڕیوە بۆ نموونە میسر، سووریا، ئوردن و فەڵەستین لە هیچ کامیان حاڵەتێکی نەخوازراو نەبووە و شتێکی نا ئاسایی رووینەداوە و پێشبینیش ناکەم لە هەرێمی کوردستان شتێک رووبدات".