سياسەت, جيهان, شیکردنەوە

شيكاریى- حزبوڵڵا بە سوودوەرگرتن لە قەيرانى ئابوورى لوبنان سەرقاڵى دامەزراندنى ئابوورى تایبەت بە خۆيەتى

Şerife Akıncı  | 30.07.2021 - نوێکردنەوە : 31.07.2021
شيكاریى- حزبوڵڵا بە سوودوەرگرتن لە قەيرانى ئابوورى لوبنان سەرقاڵى دامەزراندنى ئابوورى تایبەت بە خۆيەتى

Istanbul

ئيستانبوڵ - AA / شەریفە ئاکنجی

لە لوبنان، کە بە قورسترین قەیرانی ئابووری لە مێژووی ھاوچەرخیدا تێدەپەڕێت، رۆژی ١٦ی تەمووز نرخى دۆلار لە بازاڕی رەشدا گەيشتە ٢٢ ھەزار و ٨٨٣ لیرەی لوبنانی و بەرزترین ئاستی تۆمارکرد. ئەمرۆش، نرخی رۆژانەی دۆلار لە بازاڕی رەشدا بە ١٦-١٧ ھەزار لیرە دەفرۆشرا. لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩وە تاکو ئەمرۆ، لیرەی لوبنانی بە رێژەیەکی زۆر کە دەگاتە نزیکەی سەدا ٩٥ی بەھاکەی لە بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە.

بەپێی ژووری چاودێریکردنی قەیرانەکان لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت، لە وڵاتەکەدا نرخی خۆراک لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەدا ٧٠٠ و لە ماوەی مانگی رابردوودا سەدا ٥٠ زیادیکردووە. زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە داھاتی رۆژانەیان ٣،٦٠ دۆلارە و بەمەش ئەگەری گوزەرانیان لە ژێر ھێلی ھەژارییەوە پشتڕاستدەکاتەوە.

بەپێی دوایین راپۆرت کەلەلایەن بانکی جیھانیەوە بڵاوکراوەتەوە، لوبنان، لە ساڵی ١٨٥٠وە بۆ ئێستا رووبەرووی خراپترین قەیرانی دارایی بووەتەوە. قەیرانی ئێستای ئابووری لوبنان، لەناو دە بەھێزترین قەیرانی ئابوورى جیھانی لەساڵی ١٨٤٧وە بۆ ساڵی ٢٠١٣، لە رێزبەندی سێیەمدایە. بەپێی ئامارەکانی بانکی جیھانی، ئابووری لوبنان لە دوای گرژبوونەوەی بە رێژەی ٦،٧ لە ساڵی ٢٠١٩دا، لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتە سەدا ٢٠،٣ و پێشبینیی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢١ لە سەدا دە گرژببێتەوە.

داھاتی ناوخۆیی وڵاتەکە کە لە ساڵی ٢٠١٨دا ٥٥ ملیار دۆلار بوو لە ساڵی ٢٠٢٠دا بۆ ٣٣ ملیار دۆلار کەمبووەتەوە. داھاتی تاک بە دۆلار بۆ نزیکەی سەدا ٤٠ کەمبووەتەوە. راپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "خاڵێکی وەرچەرخانی نوێ لە ئاسۆی لوبناندا نابینرێت".

- بەرەوپێشچوونەکانی حزبوڵڵا لە کاتی قەیرانی دارایی لوبنان-دا

لە سەرەتای قەیرانەکەدا کاتێک بانکەکانی لوبنان بۆ گرتنەبەری رێوشوێن داخران و هەژمارەکانی دۆلار وەستێندران، رێکخراوی قەرز حەسەن کە تایبەتە بە خزمەتگوزارییەکانی بانک و سەر بە حزبوڵڵا-یە بەگوێرەی یاساکانی شەریعەتی ئیسلام دەستی کرد بە پێدانی قەرز و سلفە بە هاووڵاتییان. ئەمەش وای کرد ئامێری بانکەماتیک-ی ئەو رێکخراوە لە شارەکانی لوبنان زیاد بکات و هاووڵاتییان بتوانن لەڕیێەوە هاوشێوەی ئاڵوگۆڕی دراو بە دۆلار زێڕ بکڕن و بفرۆشن، یاخود لە بەرامبەر کرێیەکی کەمدا زێڕەکانیان عەمبار بکەن و لە کاتی پێویستدا بە دۆلار پارەکەی رابکێشن. حزبوڵڵا ئامانجی بوو لەڕێی ئەم چالاکییە نافەرمییانەوە وا لە هاووڵاتییانی لوبنان بکات لە بری بانکەکان، پەنا ببەنە بەر ناوەند و رێکخراوەکانی سەر بە حزبوڵڵا. بەهۆی سەختتربوونی رەوشی ئابووری و بەردەوامی ناسەقامگیری سیاسی ژمارەیەکی زیاتر لە هاووڵاتییان بۆ کڕینی دۆلار بە نرخێکی هەرزانتر پەنایان بردە بەر دامەزراوەکانی حزبوڵڵا.

لە لایەکی دیکەشەوە حزبوڵڵا لە چەند شارێکدا زنجیرە مارکێتێکی کردەوە کا تایبەت بوون بە فرۆشتنی بابەتی جۆراوجۆری وەک خواردن و خواردنەوە و جل و بەرگ و مۆبیلیات. یەکەمجار لە شاری جونەییە-ی باشووری لوبنان زنجیرە مارکێتێک بەناوی "نوور" کرایەوە، دواتر ئەم زنجیرە مارکێتە گەیشتە شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، باس لەوەش دەکرێت کە زۆربەی بەرهەمەکانی ناو ئەو مارکێتانە لە عێراق، ئێران و سووریا-وە بەقاچاغ هێندراونەتە لوبنان. لەبەرئەوەی بەرهەمەکان بەبێ گومرگ هێندراونەتە ئەو وڵاتە بەراورد بە نرخی کاڵای مارکێتەکانی دیکە نرخیان نزمترە.

بۆ ئەوەی لە مارکێتەکاندا بتوانیت بازاڕ بکەیت، پێویستە سەردانی نوێنەرایەتیەکانی حزبوڵڵا بکەیت و ببیتە خاوەنی کارتەکانی ''ئەلسەجاد''. بۆ ئەوەی لوبنانییەکان ببنە خاوەنی ئەو کارتە، پێویستە مانگانە کەمتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار پاوەنی لوبنانی داهاتیان هەبێت (نزیکەی ٧٥ دۆلار لە بازاڕی رەشدا). [٢] ئەو کەسانەی ئەو مەرجانەیان تێدایە لە رێگەی کارتەکانەوە توانای بازاڕ کردنیان بە بڕی ٣٠٠ هەزار پاوەند پێ دەبەخشرێ. ئەو بڕە پارەیەش لە لوبنان بەتایبەتی بۆ چینە هەژارەکە گرنگییەکی زۆری هەیە. باس لەوەیش دەکرێت کە بەو کارتانە دەتوانرێت سوودمەندبن لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی حزبوڵڵا بۆ ماوەیەکی زۆر دەستەبەری دەکات. حزبوڵڵا بەو دەستپێشخەریەی لەلایەک پشتیوانی بۆ خەڵک فراوان کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە دەتوانێت بە ئاسانی دەستی بگات بە پاوەندی لوبنان.

هەروەها لە بەرامبەر ئاسایشی خۆراک کە لە وڵاتدا تا دێت دۆخێکی مەترسیدار وەردەگرێت، حزبوڵڵا دەستیکردووە بە جێبەجێ کردنی بەرنامەی جۆراوجۆری کشتوکاڵی بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە کەمترین نرخ. ئەو هەوڵەش لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٠دا، لەلایەن سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، حەسەن نەسروڵڵاوە وەک ''جیهادی کستوکاڵی'' ناوزەند کرا بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو ئاستەنگە داراییانەی بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە. ئەو پرۆژەیە لەلایەن وەقفی جیهاد ئەلبیناوە جێبەجێ دەکرێت کە وەک یەکێک لە گرنگترین لقەکانی رێکخراوەکە ناسراوە و ئەرکدارە بە دامەزراندن و بنیاتنانی ژێرخانی مەدەنی و سەربازیی حزبوڵڵا. [٣] ئەم پرۆژەیە کە بەتایبەتی لە باشووری لوبناندا هان دەدرێت لە پاڵ تەرخانکردنی خاک و دابەشکردنی شەتڵ ئالیک بۆ ئاژەڵانیش دابین دەکرێت.

ئەم پێشھاتانە بە مانای چی دێن؟

حزبوڵڵا دەیەوێ ئەو بارودۆخە ھەستیارەی لوبنان کە بەھۆی پەتای جیھانیی و قەیرانی ئابوورییەوە تووشی بووە، ھەڵبقۆزێتەوە. بەھۆی ئەو سیستەمە فراوان و رێکخراوەییەی کە دروستی کردووە، ھەوڵدەدات ھێزی زیاتر بەدەستبھێنێ و ناسراوتر بێت. حزبوڵڵا بە بەکارھێنانی قەیرانی ئابووری لوبنان بۆ بەرژەوەندی خۆی و بەدەستھێنانی ھێز بەم ھۆیەوە، بووەتە جێگەی مەترسی جددی بۆ سەر پێگە و دەسەڵاتی دەوڵەت.

شەریفە ئاکنجی، نووسەری ئەو ھەواڵە فێرخوازی دکتۆرایە لە بەشی ئێکۆنۆمیکس لە زانکۆی ئولوداغ-ی تورکیا. شەریفە ئاکنجی لێکۆڵینەوە لەسەر پرسەکانی وەک ئابووری دامەزراوەیی، ئابووری وزە و ئابووری ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوروی ئەفریقا دەکات.


[1]https://documents1.worldbank.org/curated/en/394741622469174252/pdf/Lebanon-Economic-Monitor-Lebanon-Sinking-to-the-Top-3.pdf

[2]https://amp.france24.com/en/middle-east/20210416-in-crisis-hit-lebanon-hezbollah-opens-supermarkets-for-eligible-shoppers

[3]https://www.nytimes.com/2020/09/05/world/middleeast/lebanon-economic-crisis-farming.html

[4]https://www.unicef.org/press-releases/water-supply-systems-verge-collapse-lebanon-over-71-cent-people-risk-losing-access#_ftn3

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن