Davit Kachkachishvili
04 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2023
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەکارییان کردووە دژ بە ئەگەری هەر هێرشێکی سوپای رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان.
لە پەیامی ڤیدیۆیی رۆژانەیدا، کە کاتەکانی شەو لە چەناڵی خۆی لە تێلێگرام بڵاویکردەوە، زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتان پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجام داوە بۆ وەرگرتنی پشتیوانی زیاتر لەو جەنگەی دژ بە رووسیا درێژەی هەیە.
زێلێنسکی باسی لەوە کرد لە یەک رۆژدا بەجیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جەستن ترودۆ و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ریسی سوناک و سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، مارک روتی و سەرۆکوەزیرانی نەرویج، جۆناس گاهر ستۆر ئەنجام داوە.
سەرۆکی ئۆکراینا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە رووسیا دەستی بە ئامادەکاریی نوێ کردووە دژ بە وڵاتەکەی و، رایگەیاند: ''ئێستا کاتی ئەوەیە لەگەڵ هاوبەشەکانماندا بەیەکەوە بەرگرییمان بەهێز بکەین''.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە ئامادەکارییان کردووە دژ بە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی و، رایگەیاند: ''دەبێت ئەم سیناریۆیەی رووسیا تێکبدەین. ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەین. دەبێت تیرۆریستان شکستبهێنن. دەبێت هەر هەوڵێکیان بۆ هێرشی نوێ شکستبهێنێت''.
زێلێنسکی سوپای رووسیای بە هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی لە ئۆکراینا تۆمەتبار کرد و، باسی لەوە کرد کە دوێنێ شەو لە ئاکامی هێرشی مووشەکی رووسیادا، لە شاری دروژکۆڤکا لە ناوچەی دۆنێتسک، گۆڕەپانی سەهۆڵی "ئەلتایر" رووخاوە.