سياسەت, جيهان

سەرکۆماری ئێران داوا دەکات کۆتایی بە تۆمەتبارکردنی وڵاتەکەی بهێندرێت

سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی: "تۆمەت و پڕوپاگەندەی بەردەوام لە کاتی ئەنجامدانی دانوستانەکاندا، نیشاندەری ئەوەن کە لایەنی بەرامبەر قۆناغی دانوستانەکانی کردووەتە ئامانجێکی سیاسیی و پابەند نییە بە مەرجەکانی ئەنجامدانی دانوستانێکی جددییەوە".

Ahmet Dursun  | 01.07.2022 - نوێکردنەوە : 02.07.2022
سەرکۆماری ئێران داوا دەکات کۆتایی بە تۆمەتبارکردنی وڵاتەکەی بهێندرێت

Ankara

ئەنقەرە- AA

سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، ئەوەی ئاشکرا کرد بۆ ئەوەی دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی بگەنە رێککەوتنێکی هەمیشەیی، پێویستە کۆتایی بە تۆمەتبارکردنی "بێ بنەما"ی ئێران بهێندرێت و سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگیرێن.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئیبراهیم رەئیسی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەنجامداوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رێکخستنی کۆتا خولی دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کە لە دۆحە پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت لەگەڵ رێکخستنەکانی تایبەت بە جامی جیهانی ٢٠٢٢، کراوە.

سەرکۆماری ئێران، ئاماژەی بە بانگەشەکانی وڵاتانی رۆژئاوا لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە و ئەم بانگەشانەی بە "بێ بنەما" ناوبردووە و رایگەیاندووە: "تۆمەت و پڕوپاگەندەی بەردەوام لە کاتی ئەنجامدانی دانوستانەکاندا، نیشاندەری ئەوەن کە لایەنی بەرامبەر قۆناغی دانوستانەکانی کردووەتە ئامانجێکی سیاسیی و پابەند نییە بە مەرجەکانی ئەنجامدانی دانوستانێکی جددییەوە".

ئیبراهیم رەئیسی باسی لەوەش کردووە کە ئەو سزایانەی خراونەتە سەر وڵاتەکەی، نایاسایی و تاکلایەنەن و رایگەیاندووە: "رێککەوتنێکی هەمیشەیی پێویستی بە هەڵگرتنی سزاکان و کۆتاییهێنان بە بانگەشە بێبنەماکانە".

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرکۆماری ئێران باسی لە جامی جیهانی ٢٠٢٢ کردووە و لەو رووەوە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکارییکردنی فەرهەنگیی و ئابووری قەتەر دەربڕیوە.

لای خۆیەوە میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی، سوپاسی سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی کردووە بۆ ئەو پشتیوانییانەی ئێران پێشکەشی وڵاتەکەی کردووە و رایگەیاندووە: "دۆحە پشتیوانی لە پاراستنی مافەکانی تاران و چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێی گفتوگۆ بەتایبەتیش هەماهەنگیی و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات".

تەمیم بن حەمەد ئال سانی بەخۆشحاڵیشەوە پێشوازیی لە پشتیوانی و هەماهەنگییەکانی سەرکۆماری ئێران ئیبراهیم رەئیسی لە رێکخستنی یارییەکانی جامی جیهانی ٢٠٢٢ی لە قەتەر کردووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın