Ahmet Dursun
11 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2022
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی باسی لەوە کرد کە وڵاتەکەی پەیڕەوی لە سیاسەتێکی هاوسەنگ دەکات لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێدا، جەختی لەوەشکردەوە کە ئومێدیان بە دانوستانەکانی ڤیەننا نییە.
ئیبراهیم رەئیسی، لە تارانی پایتەخت بەبۆنەی ٤٣مین ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لە گرنگی یەکێتی و یەکڕیزی بۆ بەرەوپێشچوونی وڵات کردەوە، گوتیشی: "هەرکەسێک لە خەمی شۆڕش و شۆڕشی ئیسلامیدا بێت، پێویستە بزانێت کە بەرەوپێشچوونی وڵات پەیوەستە بە یەکێتی و یەکڕیزییەوە".
سەرکۆماری ئێران، باسی لەوەشکرد کە هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری بەڵام لەم بوارەدا هێشتا رێگای زۆریان لە پێش ماوە و رایگەیاند "هەندێک ترس و بژاردەی هەڵە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆماری ئیسلامییەوە نییە، بوونەتە هۆی دواکەوتن. پشت بە خوا لەم حکوومەتە نوێیەدا بە ئاڕاستەی سەربەخۆیی و پتەوکردنی ئابووریدا هەنگاوی مەزن تۆمار دەکەین".
ئیبراهیم رەئیسی، ئاماژەشی بە کێشە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکانی ئێران کرد و گوتى: "من بە گەلەکەم دەڵێم کە ئەم حکوومەتە دژ بە گەندەڵی، نادادپەروەری و بەرتیل، خەبات دەکات. پێویستە هەمووان بزانن کە بەهەموو هێزێکمانەوە بەرەنگاری گەندەڵکاران دەبینەوە و ریشەکێشیان دەکەین".
سەرکۆماری ئێران، لە درێژەی گوتەکانیدا باسی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی کابینەکانی پێشووی حکوومەتی تاران گرت بەرامبەر بە وڵاتانی رۆژئاوا، گوتیشی: "لە سیاسەتی دەرەوەدا هاوسەنگی دەپارێزین چونکە تەنها تەماشا کردنی رۆژئاوا، هاوسەنگییەکەی تێکداوە. پێویستە لە پەیوەندییەکانماندا لەگەڵ هەموو جیهان هاوسەنگ بین، کاری لە پێشینەشمان لە پەیوەندییەکانی دەرەوەدا، وڵاتانی دراوسێیە".
رەئیسی دانی بەوەشدا نا کە ئومێدی بە دانوستانەکانی ڤیەننا نییە و رایگەیاند "ئومێدی ئێمە بە رۆژهەڵات، رۆژئاوا، باکوور و باشووری ئێرانە. نەک بە ڤیەننا و نیویۆرک".