Zana Natık Kerem
14 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری ئاسایشی ئێران، مەحمود عەلەوی بەسەردانێک گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق کە لە میانیدا لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەک بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، مەحمود عەلەوی گەیشتووەتە بەغدا و سەردانی ئەو شوێنەی کردووە کە جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا تیایدا کوژران.
بەگوتەی سەرچاوەکە وەزیری ئاسایشی ئێران، مەحمود عەلەوی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ ھەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.