Erdal Türkoğlu
29 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2018
ھاتای - AA
ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون لە لایەن سوپای تورکیا، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاسوودەیی لە ناوچەکە و لەناوبردنی تیرۆریستانی پەکەکە/کەجەکە/پەیەدە-یەپەگە لە ناوچەی عەفرین و رزگارکردنی خەڵکی ناوچەکە لە ستەمی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی لە ٢٠ی کانوونی دووەمەوە بەردەوامە.
گوندی حەمام سەر بە عەفرین کە دەکەوێتە بەرامبەر شاری ھاتای لە بەری سنووری تورکیا لە لایەن سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد لە دەستی تیرۆریستان رزگارکرا.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکاندا، سەربازان شەوی رابردوو پشکنینیان بۆ خانووەکانی ئەو گوندە کرد و ئافرەتێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیان دۆزییەوە.
ئەو ئافرەتە، بە ئۆتۆمبێڵی فریاکەوتنی سەر بە وەزارەتی تەندروستی تورکیا رەوانەی خیوەتی ھاوکاری مرۆیی UMKE لەسەر سنووری تورکیا و سووریا کرا.
پاشانیش ئافرەتە خاوەن پێداویستی تایبەتییەکە لە دوای کۆنترۆڵکردنی تەندروستی پێویست رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی کرکخان کرا.
قایمقامی کوملو، عەدنان قەرەئۆسمانئۆغڵو کە لە خیوەتی UMKEی سەر سنووری تورکیا، زانیاری لەسەر رەوشی برینداران و ئەو ئافرەتە وەرگرت و بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوشی راگەیاند، تورکیا نەک تەنھا لە بواری سەربازیی بەڵکو لە بواری کۆمەڵایەتی و سڤیلیش ھەستیاری پێویست نیشان دەدات.
قەرەئۆسمانئۆغڵو ئاشکراشی کرد کە ئەو ئۆپەراسیۆنە لە چەند شوێنێکی ناوچەکە بەڕێوە دەچێت و گوتیشی: "سەربازانمان ئەو ئافرەتەیان لە گوندی حەمام دۆزیوەتەوە کە لە لایەن چەکدارانی پەیەدە بەجێھێڵدرابوو. بەڵام سەربازانی تورکیا ھەستیاری پێویستیان نیشانداوە و بە ئۆتۆمبێڵی فریاگوزاری زریپۆش ئافرەتەکەیان ھێناوەتە تورکیا و لەسەر راسپاردەی پارێزگاریش پشکنینی پێویست بۆ ئەو ئافرەتە کراوە. ھاوکات چارەسەری ئەو ئافرەتە کەمئەندامە لەسەر خەرجی حکوومەتی تورکیا لە نەخۆشخانەی گشتی کرکخان بەردەوام دەبێت".