Mustafa M. M. Haboush,Safiye Karabacak
10 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2024
غەززە - AA
لە ئاکامی بۆردومان کردنی ئۆتۆمبێلێک لە کەمپی پەنابەرانی شاتی لە ڕۆژئاوای شاری غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، سێ کوڕ و دوو نەوەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسماعیل هەنیيە گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج کە زۆرێک لە ئەندامانی خێزانی هەنییەی تێدا بووە و بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە سەردانی دانیشتوان و کەسوکاریان کردووە لە کەمپی پەنابەرانی شاتی.
سەرچاوە تەندروستییەکان باسیان لەوە کرد کە لەو هێرشەدا کوڕەکانی هەنیيە بە ناوەکانی حازم، ئەمیر و محەمەد و چەند نەوەیەکی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیش برینداربوون.
سەبارەت بە ڕووداوەکە، نووسینگەی حکوومەتی فەڵەستین لە غەززە لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند: "سوپای ئیسرائیل لە پاش نیوەڕۆی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان کۆمەڵکوژییەکی بۆ سەر خانەوادەی هەنییە ئەنجامدا و ئۆتۆمبێلێکی بۆردومان کرد کە منداڵ و نەوەکانی تێدا بوون. تا ئێستا لەو کۆمەڵکوژییەدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون".
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ١٢٥ کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە.