Hosni Nedim
15 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2024
غەززە ــ AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەک خانوو کە ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کران و لە ئاکامدا، ٢٣ فەڵەستینی کوژران.
سەرچاوەیەکی پزیشکی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە خانوویەک لە شارۆچکەی بەنی سوھەیلە ڕۆژھەڵاتی شاری خان یونس باشووری کەرتی غەززە، لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، ١٠ فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل، خانوویەک لە شارۆچکەی فەخاری رۆژھەڵاتی خان یونس بوردومان کردووە و بەھۆیەوە پێنج فەڵەستینی کوژراون.
ھەروەھا ژمارەیەک سەرچاوەی پزیشکی دیکە بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایگەیاند کە لە ئاکامی بۆردومانکردنی خانوویەک لە باکووری ڕۆژھەڵاتی کەمپی نوسەیرات ناوەڕاستی کەرتی غەززە، پێنج فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ھاوکات سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی عەودە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە خانوویەک لە ڕۆژئاوای کەمپی نوسەیرات، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، دوو فەڵەستینی کوژراون.
ھەر لەوبارەیەوە شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایگەیاند کە لە ئاکامی بۆردومانکردنی خانوویەک لە کەمپی نوسەیرات لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلەوە، فەڵەستینییەک کوژراوە و یەکێکی دیکەش برینداربووە.