Sarmand Hameed
26 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2019
ئیدلب - AA
لە ئاکامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆ سەر ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە باکووری سووریا، شەش هاووڵاتیی سڤیل کوژران و ١٢ی دیکە بریندار بوون.
روانگەی چاودێری فڕۆکەکان سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆردومانی گوندەکانی بەسلاقە، مەعر تەحرمە، کەفر سەجنە، کەفر عوێد، حیش، سفوهن، ئەحسەم و ئەلتەح لە گوندەوارەکانی ئیدلب و گوندی کەبینە لە گوندەواری لازقییەی کرد.
سەرچاوەیەک لە بەرگریی شارستانی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لە ئاکامی بۆردومانەکاندا لە گوندی بەسلاقە سێ هاووڵاتیی سڤیل و لە گوندی مەعر تەحرمە هاووڵاتییەک و لە گەفر سەجنە دوو هاووڵاتیی کوژران.
بەپێی سەرچاوەکەی بەرگریی شارستانی، هەر لە ئاکامی بۆردومانەکاندا ١٢ هاووڵاتیی سڤیل برینداربوونە کە برینی ژمارەیەکیان سەختە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان بەرز ببێتەوە.
رژێمی سووریا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناوچەکە دەستپێکردووەتەوە، وێڕای ئەوەی پابەندبوونی بەو ئاگربەستە راگەیاندووە کە لە میانی دانوستانەکانی ئاستانادا راگەیەندرابوو.
مانگی ئایاری ٢٠١٧، هەریەک لە تورکیا، رووسیا و ئێران لە میانی کۆبوونەوەکانی ئاستانادا گەیشتن بە رێککەوتن و "ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان"یان لە ئیدلب راگەیاند.