Muhammet Ali Kemal
04 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2018
مۆسکۆ- AA
بانگەشەی ئەوە دەکرێت بە هۆی ئەو هێرشەی لە رێگەی هاوەنەوە کراوەتە سەر بنکەی حمێمیم لە سووریا زیاتر لە ١٠ سەربازی رووسی برینداربوون و لانیکەم حەوت فڕۆکە بە تەواوەتیی تێکشکاون.
لە هەواڵێکی رۆژنامەی کۆمێرسانتی رووسیدا کە تیایدا پشتی بە ژمارەیەک سەرچاوەی سیاسیی و سەربازیی ناونەهێنراو بەستووە، ''گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن'' رۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ هێرشێکیان بە هاوەن کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی حمێمیم لە پارێزگای لازقییە باکووری رۆژئاوای سووریا کە هێزەکانی سوپای رووسیای تیادا جێگیرکراوە.
هێرشەکە کە بە یەکێک لە قورسترین و گەورەترین زیانەکان لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی سووریادا بەر رووسیا کەوتووە، ئەژماردەکرێت، بە هۆیەوە زیاتر لە ١٠ سەرباز کە لە کاتی هێرشەکەدا لە بنکەکە بوون، برینداربوون.
لە هەواڵەکەدا باس لەوەکراوە لە ئەنجامی هێرشەکەدا، لانیکەم چوار فڕۆکەی جۆری سو-٢٤، دووفڕۆکەی جەنگی جۆری سو-٣٥ئێس و فڕۆکەیەکی بارهەڵگر لە جۆری ئان-٧٢ تێکشکاون.
هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە ئەنجامی هێرشەکەدا، کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی بە تەواوەتی لەناوبراوە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەوبارەیەوە هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە.
لە راگەیەنراوێکدا کە دوێنێ لە لایەن وەزارەتەکەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوەکراوە رۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ هێلیکۆپتەرێکی جەنگیی رووسیی لە جۆری می-٢٤ لە نزیک بنکەی سەربازیی حەما، بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە و هەردوو فڕۆکەوانەکەی گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە چەند هەفتەی رابردوودا لە روونکردنەوەیەکدا لە حمێمیم ئاماژەی بەوەکرد فەرمانی بە یەکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کردووە لە سووریا بکشێنەوە و رایگەیاند ''کارەکانی رووسیا لە ناوەندەکانی سازان لە سووریا بەردەوام دەبێت. هەروەها چالاکییەکانی رووسیا لە هەریەک لە بنکەکانی تەرتوس و حمێمیم بە شێوەیەکی هەمیشەیی درێژەی دەبێت''.