Hamdi Yıldız
19 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2020
ریاز ــ AA
راگەیەندرا كە بە فەرمانی شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز دووبارە ئەنجوومەنی شورا (پەرلەمان) لەو وڵاتەدا پێكهێنراوەتەوە، هەروەها سەرۆكی دادگای باڵاش دەستنیشكراوە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی كردەوە كە لەسەر فەرمانی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، دووبارە دەستەی گەورە زانایان بەسەرۆكایەتی شێخ عەبدولعەزیز ئال ئەشێخ موفتی ئەو وڵاتە و بە ئەندامێتی 20 لە زانایانی ئایینی پێكهێنراوەتە.
ئاماژەی بەوەیشداوە كە هەر لەسەر فەرمانی شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز دووبارە ئەنجوومەنی شورا (پەرلەمان) بە سەرۆكایەتی شێخ عەبدوڵڵا ئال ئەشێخ بۆ ماوەی چوار ساڵ پێكهێنراوەتەوە كە ئەندامانەكانی لە 150 كەس پێكهاتووە.
باس لەوەشكراوە كە هەر لەسەر فەرمانی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شێخ غەیهەب ئەلغەیهەب وەك راوێژكاری دیوانی شاهانە، هەروەها شێخ خالید عەبدوڵڵا بن محەمەد ئەللحێدان وەك سەرۆكی دادگای باڵا لەو وڵاتە دەست نیشان كراون.
ئەنجوومەنی شورا لە سعوودیە هاوشێوەی پەرلەمانە لە وڵاتانی دیكە و لەلایەن شای ئەو وڵاتەوە پێكدەهێندرێت و بڕیارەكانی كۆتایی نییە و پێویستی بە رەزامەندی شا هەیە.
ئەمەیش لە كاتێكدایە دەسەڵاتی دادوەریی سعوودیە لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ بەرەوڕووی رەخنە بووەتەوە بەتایبەتیش دوای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە تۆمەتبارانی دۆسیەی كوشتنی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقجی لە کۆنسلخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ لە 2018دا بێتاوان ناساند.