Davit Kachkachishvili
21 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد کە، درەنگ یان زوو لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتین کۆدەبێتەوە بۆ دیالۆگ، تەنانەت دەکرێت ئەو کۆبوونەوەیەش لە قودس ساز بکرێت.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام بڵاویکردەوە، زێلێنسکی باسی ٢٥ههمین رۆژی هێرشەکانی رووسیای کرد بۆ سەر وڵاتەکەی و، رایگەیاند ''سوپای رووسیا ٢٥ رۆژە بە دوای نازیە ئۆکراینیەکان دەگەڕێت کە دایهێناوە، بەڵام ناتوانێت بیاندۆزێتەوە''.
زێلێنسی باسی لەوە کرد کە سەربازانی رووس لە ئۆکراینا تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە و، رایگەیاند ''گرنگترینی ئەوەیە سەربازانی رووس بە جۆرێک رێگای گەڕانەوە بۆ ماڵ نادۆزنەوە و سەربازانمان هاوکاریانن لە رەوانەکردنیان بۆ حزوری خوا''.
هەروەها زێلێنسکی ئهویشی خستووهتهڕوو کە، لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی سوپای رووسدا بۆ سەر بینای قوتابخانەیەک لە ٢٠ی ئاداردا لە شاری ماریۆپۆل کە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ئاوارەی تیایدا بوو، بیناکە رووخاوە و، گوتى: ''هێشتا نازانین چەند کەس لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە. بەڵام دڵنیام ئەو فڕۆکەوانەی ئەو هێرشەی ئەنجامداوە، دەدۆزرێتەوە و وەک فڕۆکەوانەکانی دیکە کە هاووڵاتی مەدەنیان دەکوشت بە سزا دەگات''.
زێلێنسکی ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە ٢٠ی ئاداردا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداریکردووە لە دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی ئیسرائیلدا و گوتارێکی پێشکەش بە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە کردووە، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو پشتیوانيیەی چاوەڕوانی دەکەن لە گەلی ئیسرائیلی وەردەگرن.
سەرۆکی ئۆکراینا زێلێنسکی، باسی لەوە کرد کە پێویستە لە پێناو ئاشتییدا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتیندا دیالۆگ دروست بکەن و، گوتيشى: ''سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، (نافتالی بێنێت) داوامان لێ دەکات لەگەڵ رووسیا دیالۆگ بکەین و بۆ ئەوە سوپاسی دەکەم. ئەو (بانگهێشتە) پەیوەستە بە دیالۆگێک کە درەنگ یان زوو لەگەڵ پوتین ئەنجام دەدرێت و، دەکرێت تەنانەت لە قودس کۆبوونەوەیەک بکرێت. ئەگەر ئەوە بگونجێت، ئەوا بڕیارێکی دروست دەبێت بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتیی".
سەرۆکی ئۆکراینا زێلێنسکی ئەوەیشی وەبیرهێنایەوە کە لە رووسیا تۆمەتبار دەکرێت بە نازیزم، بە ڵام تەنیا پێشکەشکردنی گوتار لە پەرلەمانی ئیسرائیل ئەوە دەسەلمێنێت کە لە مۆسکۆ هەڵە هەیە.
هاوکات زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە لە ٢٠ی ئاداردا چوار رێڕەوی مرۆیی کراونەتەوە و تێکڕا حەوت هەزار و ٢٩٥ کەس کە چوار هەزاریان لە ماریۆپۆل بووە گواستراونەتەوە. هەڵمەتەکانی گواستنەوەش بەردەوام دەبن.