Emre Gürkan Abay,Dilara Zengin Okay
21 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2022
واشنتۆن/مۆسکۆ - AA
رووسیا، کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە پەراوێزخراوە، بەھۆی سزاکانەوە ناتوانێت کڕیار بۆ یەدەگی زێڕەکانی کە بەهاکەی ١٤٠ ملیار دۆلار بدۆزێتەوە.
لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی رووسیا لە ئۆکراینا، وڵاتانی رۆژئاوا کە دەیانەوێت سزایەکی قورسی ئابووریی بخەنە سەر وڵاتەکە، تادێت سزاکان فراوانتر دەکەنەوە.
لە کاتێکدا سزاکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆسەر رووسیا بازرگانیکردن بە زێڕیشی وەکو نەوت قورس کردووە، بەریتانیا و ئەمریکا ھەنگاو بە ئاراستەی رێگرتن لە بەکارھێنانی یەدەگی زێری رووسیا دەگرنەبەر.
- ھەنگاوی یەکەم لە بەریتانیاوە
لەم چوارچێوەیەدا ھەفتەی رابردوو لە یەکێتی بازاڕی کانزاکانی لەندەن (LBMA)، بەمەبەستی رێگرتن لە فرۆشتنی زێری رووسیا لە بازاڕی زێری لەندەن سەرجەم یەدەگەکانی رووسیا کە لە لیستی متمانەپێکراو دیاریکراوە، ھەڵپەسارد.
لەگەڵ ئەم بڕیارە، بە شێوەیەکی کرداریی لە بازاری لەندەن کە ساڵانە بایی چەندین ترلیۆن دۆلار بازرگانیی کانزای تێدا دەکرێت زێڕی رووسیا قەدەغەکرا.
- یەدەگی زێری رووسیا بووە ئامانجی سیناتۆرە ئەمریکییەکانیش
ئەم ھەوڵەی بەریتانیا، پرۆژەیاسایەکی لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاوە بەدوای خۆیەوە ھێنا کە ھەرجۆرە مامەڵەیەکی ھاووڵاتیان بە زێڕی رووسیا قەدەغە دەکات.