Davit Kachkachishvili
19 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2022
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە بەرگریکردن لە شاری باخموت کە لە هێڵی پێشەوەی ناوچەی دۆنێتسک-دایە بۆ ئەوان گرنگییەکی زۆری هەیە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە شەوی رابردوو لە تێلێگرام بڵاوی کردەوە، پێشهاتەکانی سەبارەت بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەڵسەنگاند.
سەرۆکی ئوکراینا بە ئاماژەدان بەوەی کە دوێنێ لەگەڵ بەرپرسانی هێزەکانی بەرگری کۆبوونەتەوە و دۆخی بەرەکانی پێشەوەیان تاوتوێ کردووە، رایگەیاند کە هێرشە چڕەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بەردەوامییان هەیە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە سوپای رووسیا بەردەوامە لە هێرشە توندەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری باخموت لە ناوچەی دۆنێتسک و گوتی: "ئاراستەی باخموت گرنگی خۆی هەیە. شارەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە، بەڵام داگیرکەران هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی تەنانەت یەک دیواریش وەک خۆی نەهێڵنەوە".
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بە ئاماژەدان بەوەی کە لە خاڵەکانی دیکەی بەرەکەدا بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی رووسیا، گوتی: "خەریکە توانای داگیرکەران لە ناوچەکانی زاپۆریژییا، خێرسۆن و بە گشتی لە باشوور کەم دەکەینەوە".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئەوەیشی خستەڕوو کە لەگەڵ بەرپرسانی سوپای وڵاتەکەی دۆخی ئەمنیی سەر سنوورەکانی رووسیا و بێلاڕووس-یان تاوتوێ کردووە و گوتی: "پاراستنی سنوورەکانمان هەمیشە لە پێشینەی کارەکانە. ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەگەری هەر سیناریۆیەک".
سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بە ئاماژەدان بەوەی کە پچڕانی کارەبا لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی هێزەکانی رووسیا بۆسەر ژێرخانی وزە لە ئۆکراینا لە ١٦ی کانوونی یەکەمدا روویدا، رایگەیاند کە دووبارە خزمەتگوزاری کارەبا پێشکەش بە نزیکەی نۆ ملیۆن کەس کراوەتەوە.