Abdullah Shukur
22 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2018
قودس - AA
بە بۆنەی رۆژی تیشا بیاو، کە بەپێی رۆژمێری جوولەکەکان بە ساڵیادی رووخانی پەرستگای سلێمان ھەژمار دەکرێت، ژمارەی ئەو جوولەکە توندڕەوانەی کە ئەمڕۆ بەیانی و دوای نیوەڕۆ ھەڵیانکوتاوەتە سەر مزگەوتی ئەقسا، ھەزار کەسی تێپەڕاندووە.
گوتەبێژی راگەیاندنی ئیدارەی دەزگاکانی ئیسلامی قودس، فیراس دیبس بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەمڕۆ بەیانی و دوای نیوەڕۆش نزیکەی ھەزار و ٣٣٦ جوولەکەی توندڕەو لەژێر ئەمنییەتی پولیسی ئیسرائیل ھەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا لە ناوچەی "شاری کۆن".
دیبس راشیگەیاند کە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان موسڵمانەکان و جوولەکە توندڕەوەکان لە دەرگاکانی مزگەوتی ئەقسا روویداوە و، شەش گەنجی فەڵەستینیش دەستگیرکراون بەھۆی نیشاندانی کاردانەوە لە دژی ھەڵکوتانەکەی جوولەکەکان.
بەڕێوەبەرایەتی دەزگاکانی ئیسلامی قودس ئەمڕۆ بەیانی بە نووسراوێک رایگەیاندبوو کە سەدان جوولەکەی توندڕەو بە چەندین گرووپی جیا لە ژێر ئەمنییەتی پۆلیسی ئیسرائیل چوونەتە نێو حەرەمی مزگەوتی ئەقسا.
جوولەکەکان ئەمڕۆژە بە رۆژی ماتەمینی ناودەبەن و، بەم ھۆیەوەش ھەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا و، چەندین رێوڕەسمی ئاینیشیان لە دەرگاکانی مزگەوتی ئەقسا ئەنجامدا.