Abdullah Shukur
22 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2018
ئیستانبوڵ - AA
لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی بە گوڕی ٥،٩ به پلەی رێختهر شارۆچکەی تازە ئابادی سەربە پارێزگای کرماشانی خۆرئاوای ئێرانی ھەژاند، ١٤٦ کەس برینداربوون.
بەپێی ھەواڵێکی کەناڵی دەوڵەتی ئێران، سەرۆکی ناوەندی دۆخی بەپەلەی ئێران، پیر حوسێن کۆلیوەند رایگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی بە گوڕی ٥،٩ به پلەی رێختهر شارۆچکەی تازە ئابادی سەربە پارێزگای کرماشانی خۆرئاوای ئێرانی ھەژاند، ١٤٦ کەس برینداربوون.
کۆلیوەند رایگەیاند کە چارەسەریی ٤١ کەس لە نەخۆشخانە جیاوازەکان بەردەوامە و، زانیاریشی لەبارەی دۆخی بریندارەکانی دیکە نەدا.
پێشتریش پارێزگاری کرماشان، ھۆشەنگ بازوەند رایگەیاندبوو کە ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکەی شارۆچکەی تازە ئاباد، ٤٠ کەسن.
ھۆشەنگ بازوەند لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئیسنا، ئاماژەی بەوەکرد كه بوومەلەرزەکە زیانی بە ژمارەیەک خانوو لە گوندەوارەکان گەیاندووە.
لەدوای بوومەلەرزە سەرەکییەکەش، ٢٠ پاش زەمینلەرزە روویانداوە و، کارەکانی گەڕان و رزگارکردن لە ناوچەکە درێژەیان ھەیە.
ھاوکات گوتەبێژی فەرمانگەی کەشناسی و بوومەلەرزەی ھەرێمی کوردستان، ئەژی چەتۆ لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد كه بوومەلەرزەکە لە بەغدای پایتەختی عێراق و ھەروەھا لە شارهكانی ھەولێر، سلێمانی و ھەڵەبجە ھەستیپێکراوە.